کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتێک ئیمام جومعە و شتی دیکە کاتین

11:15 - 2 جۆزەردان 2724

دارسمە

ئیمام‌ جومعە لە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان دوو جۆرن و ئیمام ‌جومعەی خۆرهەڵاتیش بە سەر دوو جۆری دیکەدا دابەش دەبن.

لە نیزامی موقەدەسی کۆماری ئیسلامیدا لە خۆرهەڵاتی کوردستان ئیمام ‌جومعەی شاران بە فەرمانی دوندی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکرێن و هی گوندۆکانیش لەبەرانبەر وەرگرتنی زەکات و بەرات لە خەڵکی ئیماندار و هێندێک جار بێ‌ئێمانیش، لە مزگەوتان خەڵکەکە بەرەو دینداری نێریکێش دکەن.

ئیمام جومعانی خۆرهەڵاتی کوردستان، زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی گوندان بەشی زۆری ئەوانەی شارانیش ئەوەندە دڵیان بە دەستەڵات خۆش نییە و لە ئاکامدا بێ سێ‌ودوو لێ‌کردن دەبێت بڵێین پیاوی باشن. بۆیە دەڵێم پیاوی باش، دوو لە ڕووی فیمێنیستان و پەرژینێکی بەگوڵ لەنێوان من و ژنانی یەکسانی‌خواز دابێت، لە هەردوو بەشی خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش تاقه یەک ژن وەک دەڵێن بۆ دەرمانیش بۆی نییە ببێتە ئیمام جومعە. لەبەر ئەوەی ژن زەعیفۆکەیە و لە هەمان کاتیشدا مێینەیە، ئەو ئیزنەی پێ‌‌نادرێت خەڵک بە هەر ئامانجێک و بەرەو هەر شوێنێک نێریکێش بکات.

جیاوازیی سەرەکیی نێوان دوو کۆمەڵە ئیمام جومعەی خۆر‌هەڵاتی کوردستان و ئێرانیش لەوەدایە ئەوانی خۆرهەڵات هەمیشەیی و ئەوانەی ئێران زۆربەیان کاتین. ئەمەشیان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە لە ئێران کێشەی مرشتە‌‌بوون و کەوتنە سەریەک و ئاوسانی ژمارەی ئیمام جومعان هەیە، بەڵکوو دەستەواژەی ئیمام جومعە لە دوو وشەی "ئیمام" و "جومعە" پێک‌هاتووە. لە ئێرانیش هیچ کەسێک بۆی نیە پێ بخاتە پێڵاوی ئیمامەوە و تەنیا یەک ئیماممان هەیە و ئەوانی دیکە کاتین.

لەم بابەتەدا ئێمە لەبەر ئەوەی بەشێک لە ئیمام جومعەکانی کوردستان باشن گلەیی و گازندەمان لە ئیمامانی جومعەی هەمیشەیی کوردستان کەمترە، ڕووی قسەمان لەگەڵ ئەواندا نیە و لەنێوان ئەوان و ئیمام جومعەی کاتیی شارەکانی ئێران پەرژینی بە گوڵ و ڕیحان دادەنێین و ئیزن نادەین بۆن و بەرامەشیان تێکەڵی یەکتر ببێت.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئیمام جومعەی کاتی و لە حەقیش لا نەدەین ئەم کاتی‌بوونە زۆر شتێکی باشە. بۆ نموونە ئەم کاکە کازمەی خۆمان لە تاران ئیمام جومعەی کاتییە. مەبستم کازم سدیقیە، بەشێکی خەڵک ئەوەندە بوختانیان پێ کرد، هەتا بوختانەکە وەڕاست ‌نەگەڕا لە دوای نەبوونەوە.

مامۆستا کازم ئیمام جومعەی تارانە و لە تارانیش کۆمەڵێک ئیمام جومعەی کاتیی دیکە هەن، بۆ وێنە ئەحمەد خاتەمی یەکێک لەو ئیمام جومعە کاتییانەیە ئەگەر دەست بە خوتبەی هەینی دەکات، زەوی و ئاسمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بۆ هەموو جورە پرسیارێکی زانستی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی وڵامێکی کۆنکرێتی پێیە. ئیمام جومعەیی هەمیشەیی تارانیش ئێران و تووران و ڕیبەری هەموو جیهانە و پشتی خاتەمی دەگرێت و کەس ناتوانێت گومان بخاتە سەر وەڵامەکەی و پێی بڵێت پشت ئەم چاوە قووڵانەت برۆیە.  بۆ وێنە ئەگەر جارێک بێتە سەر مینبەر و بڵێت کازم سدیقی ئیمام جومعە کاتییەکەی دیکە زەویی لە گرانترین شوێنی باکووری تاران نەدزیوە و گەندەڵیی نەکردوە، هەتا ماوەیەکی باش و بە شێوەیەکی کاتی ئاو بە ئاگردا دەکرێت.

دیارە باکووری تاران شوێنی دەوڵەمەندانە و لەوێ بە شێوەی کاتی و هەمیشەیی باس لە پارە‌ی زۆر و زەویی و زاری بەنرخ دەکرێت. بەڵام لەو شاری "وەرامین"ـە‌ی ئێستا کەوتووەتە باشووری تاران، هەفتەیەک لەمەوبەر ئیمام جومعەی کاتیی ئەوێ ئاوێکی ساردی بە هۆشی دەسکرد و دۆزینەوەی هەساران و دەکارکردنی وەزی پاک و ئەم شتانەدا کرد و ڕۆیشتە سەر مەبەستێکی کاتیی زۆر گرینگ و لە خوتبەکەیدا فەرمووی هەندێک لە ژنان و کچان پارەیەکی زۆر دەکەنە تێچووی ڕێکخستنی دەموچاو و خۆجوان‌کردن و چاندنەوەی نێنۆک و نەشتەرگەریی لووت و ئەم بەزم و ڕەزمانە و قورساییەکی زۆری ئابووری دەخەنە سەر هاوسەرانیان و لە زۆر بواراندا گوناهبار دەبن و تەناتەت زیان بە جەستەی خۆشیان دەگەیەنن.

حوجەتولئیسلام "سەید موحسین مەحموودی" کە ئەویش وەک کاک ئەحمەد خاتەمی سەیدە، لە خوتەبەکەیدا هەم لە ناڵی دا و هەم لە بزمار. ئەو چەکوشەی دایوەشاندە بزمار ئەمە بوو گوتی، ئەو دایک و باوکانەی خوا کچی پێداون پێویستە ڕیز لە ‌ئەم چاکەیەی خوا بگرن و چاکەی هەبوونی کچ زۆر بەرزە و پێچەوانەی بیرۆکەی خۆرئاواییەکان ڕوانین بۆ کچ و ژن لە ئیسلامدا ڕوانینێکی شەهوەتاوی نییە.

ئیمام جومعەی وەرامین دەڵێت نابێت کچان و ژنانی ئێمە لاسایی خەڵکی وڵاتانی خۆرئاوا بکەنەوە و چاندنەوەی نینۆک و نەشتگەریی لووت و سوورکردنی لێویان لێ فێر بن. ئەگەر بە شێوەیەکی کاتییش بێت، ئەم ئیمام جومعەیە باشی بۆ چووە و لە بنەڕەتدا زۆر باش لە بابەتەکان گەیشتوە. ئەو باش دەزانێت دوو گەڕەکی زۆر جودای "وەرامین" و "لەواسان" لە تاران چەندە لە یەکتر جودان. لەنێو هەوای پاک و بێگەردی لەواسان لەسەر ئەم زەوییە جوانە ڕوخسار و ڕازاندنەوەی دەموچاوی ژنان لە بەرەبەیانەوە هەتا ئێوارە تۆزی لێ نانیشت و لەلای وەرامین و قەرچەک ڕۆژانە ژنان بە دەم و چاو شوشتن و نوێکردنەوەی ڕیکخستنی دەموچاو ڕاناگەن و ئەنجامی هاوبەشی ڕێکخستنەوەی ڕووخساریش لەوێ وەک ئەرکی ئیمام جومعایەتی کاتییە.