کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی کۆمار کەرەمی بە ٦ ساڵ بەندکران سزا درا

12:10 - 2 جۆزەردان 2724

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی  شەهید کۆمار کەرەمی، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە ٦ ساڵ بەندکران سزا درا.
بەپێی زانیارییەکان بێدادگای کۆماری ئیسلامی ناوبراوی بە تۆمەتی کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە ٥ ساڵ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی پڕۆپاگەندەی دژی نیزام بە یەک ساڵ بەندکران سزا داوە.

کوردپا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کەرەج بەڕێوە چوو و دادگا گۆڕینی ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی بەپێی "قەراری تەئمین" و ئازادیی کاتیی ناوبراوی ڕەت کردەوە.

ئەم سەرچاوەی هەواڵە زیادی کردووە کە عەلی شەریفزادە پارێزەری ماشەڵڵا کەرەمی لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لە چوار تۆمەتی وەپاڵدراوی بریگرتەکەی، دووانیان بۆ دادگای ئینقلابی کەرەج نێردراوە و هەروەها دووانی دیکەیشیان کە تۆمەتی وەرگرتنی دارایی ناڕەوا و  سپیکردنەوەی پارە بووە ڕەوانەی دادگای تاوانەکان لە شاری نەزەرئاباد کراوە.

ڕێکەوتی٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی کۆمار کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا هەموو کەلوپەلە ئێلکترۆنییەکانیان لێ وەرگرت و کارتی بانکیی بنەماڵەکەشیان بلۆک کرد.

ناوبراو پاش زیاتر لە دوو مانگ ئەشکەنجەکران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ڕاگوێزرا.

محمەممەدمێهدی کەرەمی ناسراو بە کۆمار، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی شاری کەرەج بوو کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە خەزەڵوەری ١٤٠١ دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەسێدارە درا.

ڕێژیم پاش لەسێدارەدانی کۆمار دەستی لە زوڵمکردن بە بنەماڵەکەی هەڵنەگرت و باوکی ناوبراوی تەنیا بە هۆی ناڕەزایەتی لە سێدارەدانی کوڕەکەی دەسبەسەر و چوار تۆمەتی بێبنەمای بۆ سزادانی خستە پاڵی.