کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕیژیم بۆ سەر بازاڕییان و دووکاندارانی مەهاباد

12:28 - 2 جۆزەردان 2724

دووکاندارانی بازاڕچەکانی "ئەسغەری" و "تاناکورا"ی شاری مەهاباد لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە گوشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ناشتنی ئیبراهیم ڕەئیسیدا دووکانەکانیان دابخەن.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشدارییان بە بەڕێوبەرایەتیی بازاڕچەکانی "ئەسغەری" و "تاناکورا" داوە کە لە ئەگەری کراوەبوونی ئەو دوو بازاڕە لە ڕۆژی ناشتنی سەرۆککۆماری ڕێژیمدا، بە توندی هەڵسوکەوتییان لەگەڵ دەکرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هۆی ناشتنی ئیبراهیم ڕەئیسی و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان و هاوڕێیانیان ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی وەک پشووی فەرمی ناساندووە.

هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوڕێیانی لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێردا، لە دەوری پردی "شەهید شەماڵ" لە مەهاباد جێگیر کراون هەتا خەڵک شادی و خۆشی دەرنەبڕن.

شایانی باسە کە شاری مەهاباد بەهۆی بوونی تاناکورا و بازاڕی دیکە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرەکییەکانی پارێزگای ورمێیە و جگە لە بۆنە نەتەوەییەکانی کوردستان، لە هیچ بارودۆخێکدا بازاڕ و دوکانەکانیان دانەخستووە و خۆیان لە جێژن و مەراسمەکانی کۆماری ئیسلامی بەدوور گرتووە.