کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیکاری میدیا نێونەتەوییەکان لەسەر مردنی ڕەئیسی و دۆخی ڕێژیمی ئێران

16:50 - 2 جۆزەردان 2724

میدیا نێونەتەوییەکانی وەکوو بلۆمبێرگ، هائارتز، تایمزی ئیسرائیل، ئەلجەزیرە، گاردیەن، سکای نیووز و چەند میدیایەکی دیکەی جیهانی بێجگە لە ڕووماڵی هەواڵی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری ئیبراهیم ڕەئیسی و مردنی لە سەر ئەو ڕووداوە، سەبارەت بە دۆخی ڕێژیم شیکاریان کردووە.

دوو میدیای سەرەکیی ئیسرائیل، واتە تایمزی ئیسرائیل و هائارتز، باسیان لە کاریگەریی ئەم ڕووداوە لەسەر شەڕی غەززە کردووە و بە تاوتوێکردنی ئەم بابەتە قەیران لە بەرێوەبەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە مژدەیەکی خۆش بۆ ئیسرائیل ناو بردووە و نووسیویانە لەدەستدانی دوو بەرپرسی باڵا لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکدا، ڕێژیم بە لاوازی و بێدەسەڵات دەردەخات.

ئەم دوو سەرچاوە ئیسرائیلییە ڕایانگەیاندووە کە نابێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بین و دڵنیاین لەوەی کە هەوڵەکانی ئێران بۆ زیانگەیاندن بە ئیسرائیل و دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوامە.

جەیسن برۆدسکی، بەڕێوەبەری سیاسەتی هاوپەیمانی دژی ئێرانی ناوکی بە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی ڕاگەیاند: سەرۆککۆماری لە کۆماری ئیسلامیدا کارگێڕ و پێشکەشکارە نەک بڕیاردەر بۆیە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بناغەکانی ئەو سیاسەتانەی وەک خۆیان دەمێننەوە.

هەروەها ڕۆژنامەی گاردیەنی بریتانیایی نووسیویەتی، سەرۆککۆمار لە ئێراندا چەندە وەفاداری وەلی فەقیه بێت، زۆربەی جارەکان لە پێگەی قوربانییەکدایە بۆ ئەوەی ڕەخنە لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نەگرێت.

هەروەها لە بەشێکی دیکەدا گاردیەن باسی لە هەوڵە سەرکەوتوو نەبووەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ جێنشینیی عەلی خامنەیی کردووە و نووسیویەتی " مردنی ڕەئیسی ئەو ڕێگا سەختەی جێنشینی ڕێبەری بۆ موجتەبا خامنەیی کوڕەکەی خامنەیی خۆشتر کرد.

گاردیەن باسی لەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی بەربڵاوی ناڕەوایەتی بە بەشداری ١٠٪ خەڵک لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیم بووەتەوە  لە ئێستاشدا ناچارە کە هەڵبژاردنێکی دیکە بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە ببات.

بلومبێرگ یەکێکی دیکەیە لەو میدیایانەی کە بابەتێکی لەبارەی بارودۆخی دوای مردنی ڕەئیسی بڵاو کردووەتەوە. بلومبێرگ، باسی لەوە کردووە کە موجتەبا خامنەیی بۆ بوون بە جێگری باوکی شانسێکی باشی هەیە. بەڵام بلومبێرگ لەلایەکی دیکەوە جەختی لەوە کردەوە کە دانانی موجتەبا وەک جێگری باوکی لە داهاتوو دوو کێشەی گەورەی هەیە یەک میراتگربوونی ڕێژیم کە کاربەدەستانی ڕێژیم ئەو شتە ڕەت دەکەنەوە و دوو ناخۆشەویست بوونی موجتەبا لەنێو خەڵکدا.

لە ئێستادا ئێران ڕووبەرووی کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوو وەکوو ناکۆکییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، پرسی ئابووریی ئێران و قەیرانەکانی، و هەروەها پێوەندی پڕ لە کێشەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی ئیسرائیل و ئامریکا بووەتەوە و مردنی ڕەئیسی لەم کاتەدا هەر چەندە کە عەلی خامنەیی لە قسەکانیدا وتی کە مردنی ڕەئیسی هیچ شتێک ناگۆڕێ بەڵام لە ڕاستیدا لە دۆخی ئێستادا بۆشاییەکی بۆ ڕێژیم دروست کردووە.