کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: میراتی ڕەئیسی، پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ بوو

11:47 - 3 جۆزەردان 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاماژەدان بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسییەوە ڕایگەیاند کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ میراتی نەهامەتی ئیبراهیم ڕەئیسی بوو.

ئەم ڕێکخراوە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە مردنی ڕەئیسی نابێت ببێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران لە گەیشتن بە دادپەرەری، ڕاستییەکان و قەرەبووی زیانەکانیان لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ڕەئیسی، بێبەش بمێننەوە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژەدان بە ڕابردووی ڕەئیسی هەر لە ساڵی ١٣٥٨ـەوە و لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە لەنێو دەسەڵاتدا، باسی لە ڕۆڵی بەرچاوی نابراو لە سەرکوت و تاوانەکانی ٤٤ ساڵی ڕابردووی ڕێژیمدا کردووە.

ئەم ڕێکخراوە زیادی کردووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە بێسەروشوێنکردن، لەسێدارەدانی نایاسایی هەزاران کەسی بێتاوان لە دەیەی ٦٠ بەتایبەتی ساڵی ١٣٦٧ هەبووە و هەروەها کوشتن، دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەی هەزاران ناڕازی و توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان بە هۆی حیجابی زۆرەملێوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەی پێشێلیکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئاکامی دەسەڵاتداریی ڕەئیسی بووە.

لەم پێوەندییەدا دیانا ئەلتەحاوی جێگری بەڕێوبەرییە ناوچەییەکانی لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاماژەدان بە زیاتر لە ٤ دەیە پارێزراویی سیستماتیکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سزادان، ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێت چارەسەرێک بۆ وڵامدانەوە بە قوربانییانی تاوانە نێونەتەوەییەکان و پێشێلکارییەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی و کاربەدەستانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، ببینێتەوە.

ئەلتەحاوی لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە کە میراتی ئیبراهیم ڕەئیسی پارێزراویی تاوانبارن لە ئێراندا وەبیر دەهێنێتەوە و دەوڵەتەکان دەبێت لێکۆڵینەوە بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان لە تاوانە نێونەتەوەییەکاندا هەیە ئەنجام بدەن تاکوو بنەماڵەی قوربانییانی تاوانەکانیان دادگاییکردن و سزادانی ئەم تاوانبارانە ببینن.