کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاری ١٢ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ بلینکێن بۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە دەربڕینی هاوخەمی بۆ مردنی ڕەئیسی

12:27 - 3 جۆزەردان 2724

١٢ ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، وێڕای ژماردنی بەشێک لە پێشینە دڕندانەکانی ئیبراهیم ڕەئیسی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران، داوای ڕوونکردنەوە سەبارەت بە دەربڕینی هاوخەمی بۆ مردنی ڕەئیسییان کرد.

ئەم نوێنەرانە داوایان لە ئانتۆنی کردووە کە تا ٥ی ژوئەن وڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە.

لە نامەکەی ئەم نوێنەرانەدا هاتووە کە ئیبراهیم ڕەئیسی "بەهۆی هەڵسوکەوتی دڕندانەی بەرامبەر بە خەڵکی ئێران زیاتر بە قەسابی تاران ناو دەبرێت. ناوبراو لە لیستی تێرۆریستیی ئەمریکادا بوو و لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنردرا.

ئەم ١٢ نوێنەرە بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لە "سەرکوتەکانی ساڵانی ١٣٦٠"، "ئیعدامکردنی هەزاران زیندانیی سیاسی" و "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی"، جەختیان لەوە کردووەتەوە، دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسێکی لەو جۆرە جێگەی شەرمەزارییە.

هەروەها، تێد کرۆز، سیناتۆری کۆمارییەکان، بەرامبەر بە ناردنی پەیامی سەرەخۆشیی دەوڵەتی بایدێن بۆ مردنی ڕەئیسی بە توندی ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕەخنەی لە لاوازیی ئیدارەی بایدێن لە دژی "نیزامی مرۆڤکوژ و جینۆساید"ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و زیادبوونی فرۆشی نەوتی ئێران گرت.