کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ڕێژیم بۆ ناچارکردنی بازاڕییانی کوردستان بۆ شینگێڕی و ماتەمینی ڕەئیسی

15:53 - 3 جۆزەردان 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەرمانداریی و هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری سەردەشت هەڕەشەیان لە دووکاندارانی ئەو شارە کردووە کە بۆ شینگێڕیی ڕەئیسی دووکانەکانیان دابخەن.

بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەردەشت بە دووکاندارانی بازاڕچەی ئەو شارەیان وتووە کە سبەینێ ڕۆژی هەینی بە هۆی ماتەمینی ئیبراهیم ڕەئیسییەوە پشووی فەرمییە و دەبێت دووکانەکانتان بەم بۆنەوە دابخەن.

سەرچاوەکە زیادی کردووە کە پاش ئەوەی کە دووکانداران ڕایانگەیاندووە کە بۆ هیچ بۆنەیەک تاکوو ئێستا دووکانیان دانەخستووە و سبەیش دایناخەن، هێزەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر دووکانەکانتان دانەخەن جگە لە سزای نەختی، سزای دیکەیش بە سەرتاندا دەسەپێندرێت.

هەروەها لە هەواڵێکی دیکەی گەیشتوو بەم ناوەندە هاتووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردان سپای پاسداران و شۆرای شاری ڕێژیم لە بۆکان، مەجلیسی سەرەخۆشییان بۆ ئیبراهیمی ڕەئیسی داناوە.

ئەم سەرچاوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە سەرەخۆشییەکە لە مزگەوتی "جامێعە"ی شاری بۆکان بەڕێوە چووە بەڵام جگە لە ژمارەیەک لە جاش و بەسیجی و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیم لەو شارە، کەسی دیکە بەشداری نەکردووە.

شایانی باسە کە ڕۆژانی ڕابردووش بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی کوردپا ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد گوشاریان خستبووە سەر بازاڕیانی ئەو شارە تاکوو بۆ بەشداریکردن لە ماتەمینی ئیبراهیم ڕەئیسی ناسراو بە جەلاد، دووکانەکانیان دا خەن.

ڕێژیمی ئێران کە کەمترین پشتیوانیی خەڵکی ئێران و کوردستانی لە پشت نەماوە دەیهەوێت لەم ڕێگایەوە هەوڵی ئەوە بدات کە پشتیوانیی خەڵک بە میدیاکانی نێوخۆ و دەرەوە نیشان بدات و بیکاتە بەڵگەیەک بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتەکەی خۆی.