کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا بۆ هەر ١٠ هەزار کەس، تەنیا ١٣ پزیشک هەیە

15:55 - 3 جۆزەردان 2724

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی بەندی ٩٠ی مەجلیسی ڕێژیم، ئێستا لە ئێراندا بۆ هەر ١٠ هەزار کەس تەنیا ١٣ پزیشکی گشتی هەیە و بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسیش تەنیا ٦٢ پزیشکی پسپۆڕ هەیە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بۆ هەر ١٠ هەزار کەس، ٣٠٠ هەتا ٥٠٠ پزیشکی گشتی هەیە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە وڵاتانی ئورووپاییدا بۆ هەر ١٠ هەزار کەس، ٢٥٠ هەتا ٣٥٠ پزیشک و لە وڵاتانی ناوچەشدا بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس ١٤٣ پزیشک هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ڕێژەی پزیشکە پسپۆڕەکان لە ئێراندا بە دروستی دابەش نەکراوە تەنیا ٤٥ لەسەدی ئەم پزیشکە پسپۆڕانە لە تارانن کە تەنیا ١١ لەسەدی حەشیمەتی هەموو ئێرانی تێدایە.

بەپێێ زانیارییەکانیش لە ٥٠ لەسەدی ناوچەکانی ئێراندا، بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس، ٣٨ پزیشک هەیە.

دوکتور ئیرەج خوسرۆنیا، بەرپرسی کۆمەڵگەی پزیشکانی پسپۆڕ لە ئێران سەبارەت بە کەمبوونی پزیشک بە ڕۆژنامەی هەمشەهری ئانلاینی ڕاگەیاندووە کە هەر ئێستا کەمیی پزیشکمان هەیە؛ ساڵانە ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ کەس دێنە نێو بواری پزیشکییەوە بەڵام ڕێژەی گشتی هەر کەمە.

ناوبراو سەبارەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەم ڕێژەیە ڕایگەیاندووە کە هەندێکیان درێژە بە خوێندن دەدەن یان هەندێکیان دەچنە بواری جوانکارییەوە و واز لە پسپۆڕییەکەی خۆیان دێنن.

بە وتەی ناوبراو ئەو کەسانەش کە درێژە بە خوێندن دەدەن، لە چوارچێوەی پێویستیی کۆمەڵگەدا درێژە بە خوێندن نادەن و زیاتر لەو بوارانەدا دەخوێنن کە داهاتی زۆرتریان هەبێ.

بەپێێ زانیارییەکان ئێستا لە ئێراندا بۆ هەر ٧٠٠٠ ژن یەک پزیشکی پسپۆڕی بواری ژنان هەیە و هۆکاری ٢٠ لەسەدی گیانلەدەستدانی دایکان، دەسپێڕانەگەیشتنیان بە پزیشکی پسپۆڕە.