کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئاروین قەهرەمانی لە ئارادایە

11:23 - 5 جۆزەردان 2724

ڕۆژی هەینی ٤ی خەزەڵوەر، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕەتکردنەوەی داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەوەی ئاروین قەهرەمانی، لاوی جوولەکەی ئێرانیی لە دادگای باڵای ڕێژیم ڕاگەیاند و نووسی: ئاروین لە ئێستادا مەترسیی لە سێدارەدانی لەسەرە .

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای ئاروین قەهرەمانی و هاووڵاتییانی دیکە کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە کرد و جەختی لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی لە پرۆسەیەکی دادوەریی ڕوون و دیاریکراودا کردووە.

ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە زاری کەسێکی نزیکی ئاروینەوە بڵاوی کردووە کە داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەوەی ئاروین قەهرەمانی، کە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە شەڕێکی بەکۆمەڵ لە شەقامدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و بەبێ ڕەچاوکردنی جیددی ڕەتکراوەتەوە، و زۆرێک لە ڕووداوەکانیش لە کاتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە پشتگوێ خراون و لە دۆسییەکەیدا بەرچاو نەگیراون.

کەسوکاری ئاروین ڕاگەیاندووە کە بە هۆکاری نادیار پارێزەرەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگریی لێ نەکردووە و پرسی بەرگریی ڕەوا لە دۆسیەکەیدا بە جیددی نەخراوەتە ڕوو.

هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە ئاروین لە کاتی ڕوودانی ئەو ڕووداوەدا بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات هێرشی کردووەتە سەر قوربانییەکە.

هاوکات ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە دۆخی دۆسییەی ئاروین قەهرەمانی نووسیویەتی: "با ئاروین لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ لەبیر نەکەین کە لە هەر ساتێکدا مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ٢٦ی بانەمەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ٢٨ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٣ کەس لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمی ئێراندا لە سێدارە دراون.