ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان، کاک ڕەحمان عەزیزی، خەڵکی ئاوایی قوڵقوڵەی ناوچەی گەورکی سەقز، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک ڕەحمان لە سەرەتای ساڵی ٥٧ی هەتاوییەوە هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە و لە هێزی عەزیزی یووسفیدا سازمان دراوە.
ناوبراو بەهۆی لێهاتوویی و چالاکبوون پلەی کادریی بەدەست هێنا و لە بۆنە جیاوازەکاندا لە گوندەکانی ناوچەی سەرشیو و گەورکی سەقز سەبارەت بە سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکرات قسەی بۆ خەڵک دەکرد و سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی لەقاو دەدا.
کاک ڕەحمان لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاویدا لە ئاوایی باینجان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە دیل دەگیردرێ و ساڵی ٦٤ لە بەندیخانەکانی ڕێژیم ئازاد دەکرێ بەڵام بەو مەرجەی کە هەموو حەفتەیەک بە مەبەستی واژۆکردن سەردانی ئیتلاعات بکا .
ناوبراو بە بەردەوامی لەژێر چاوەدێڕیی ئیتلاعاتی ڕێژیمدا بوو بەڵام هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە رێبازی دێموکرات مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.