کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم دەرگای گۆڕستانی خاوەرانیان بەڕووی بنەماڵەی لەسێدارەدراوەکاندا داخست

12:01 - 5 جۆزەردان 2724

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی هەینی ٤ی جۆزەردان ڕێگریان لە چوونی بنەماڵەی زیندانییانی سیاسیی لەسێدارەدراوی ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوی کە لە گۆڕستانی خاوەران نێژراون، کرد.

بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون ئەم هەواڵەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە و نووسیبوویان کە تا ئێمە مابین و نەختێک لە خاکی گۆڕی ئازیزانمان مابێ ئێوە ناتوانن ئەو تاوانە بشارنەوە و هیوامان بەو ڕۆژەیە کە هەر یەک لە ئەنجامدەرانی جینایەتەکانی ساڵانی ٦٠ دادگایی بکرێن و سزا بدرێن و ئەگەر پێش ئەو ڕۆژە بە هەر هۆکارێک بمرن، ئێمە لەسەر گۆڕەکەتان شادی و سەما دەکەین.

 ئەم ڕێگرییە هاوکات بووە لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی پێوەندیدار بە مردنی ئەندامی هەیئەتی مەرگ، ئیبراهیم ڕەئیسی کە لەلایەن ڕێژیمەوە بەڕێوە دەچێ.

لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشار‌ بۆ سەر بنەماڵەی لەسێدارەدراوان لە خاوەران زیادی کردووە و لە ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووشدا بۆ یادی ئازیزانیان چوونە سەر گۆڕستانی خاوەران، بەڵام هێزەکانی ڕێژیم بە داخستنی دەرگای گۆڕستان ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەیان بۆ نێو گۆڕستانەکە کرد‌.

ئەو بنەماڵانە نزیک بە ٤٠ ساڵە کە گوشاریان لەسەرە و ڕووبەڕووی ئەم چەشنە هەڵسووکەوتانە دەبنەوە.

لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا زیاتر لە پێنج هەزار بەندکراوی سیاسی لە زیندانەکانی ئێڤین و گەوهەردەشت لە تاران و زیندانەکانی مەشهەد، شیراز، ئەهواز و هەندێک شاری دیکەی ئێران لە سێدارە دران.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەم کۆمەڵکوژییە گەورەیەی لە ئەستۆ نەگرتووە و تا ئێستاش ڕەتی دەکاتەوە کە شوێنی ناشتنی قوربانییان ئاشکرا بکات. ڕزگاربووان و بنەماڵەی لەسێدارەدراوەکان باس لەوە دەکەن کە سەدان کەس لەو زیندانییە سیاسییانە بە کۆمەڵ لە گۆڕستانی خاوەران لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی تاران بە خاک سپێردراون.