کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ڕابردوودا ٤٨٥ کەس لە کرماشان بوونەتە قوربانیی ڕووداوی هاتوچۆ

13:22 - 5 جۆزەردان 2724

بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای کرماشان بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆی ناو شار و دەرەوەی شار ٤٨٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١١ هەزار و ٣٨٨ کەسیش بریندار بوون.

ڕۆژی شەممە ٥ جۆزەردان، محەممەد حەیدەری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری هەواڵدەریی ئیرنای ڕێژیم ڕایگەیاند، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە ٣٨٩ پیاو و ٩٦ ژن بوون و لەنێو بریندارەکاندا حەوت هەزار و ٧٢٢ کەسیان پیاو و سێ هەزار و ٦٦٦ کەسیش ژن بوون.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەم ڕووداوانە، ١٣٣ کوژراو و پێنج هەزار و ٣٢ بریندار لە پارێزگاکە پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی هاتوچۆی ناو شارەکانەوە هەیە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ١٨ کەس زیادی کردووە.

بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای کرماشان بە ئاماژەدان بەوەی کە شاری کرماشان لە ئاماری قوربانییانی شارەکاندا ٨٢ لەسەد گیانلەدەستدان و ٧٦ لەسەدی بریندارانی پێکهێناوە، زیادی کرد، بەهۆی زیادبوونی زیانەکانی گیانی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە، بە پشتبەستن بە پێوەرە ئاگادارکراوەکان پێویستە ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڕووداوی شارەکانەوە گیانیان لەدەست داوە بە ڕێژەی ١٢ لەسەد بە ڕێکاری پێویست کەم بکرێتەوە.

ناوبراو زیادی کرد، ساڵی ڕابردوو بە گشتی زیاتر لە یەک میلیۆن و ٩٣هەزار سەرپێچی لەسەر ڕێگاکانی ناو شارەکانی پارێزگاکە تۆمار کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢١ لەسەد زیادی کردووە.

شایەنی باسە کە هەزار کیلۆمیتر درێژیی ڕێگاکانی ئێرانە و ٥ هەزار و ٢٠٠ خاڵی کارەساتبار بوونیان هەیە کە نزیک بە ٣٨.٥ لەسەدی ئەو ڕووداوانە لەو خاڵانە ڕوو دەدەن و نەبوونی ڕووناکی لەو شوێنانە، بەرزی و نزمی و دۆخی خراپی ڕێگاکان لە هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆن.