کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە بەکارهێنانی جگەرە ئێلێکترۆنیکییەکان

16:39 - 5 جۆزەردان 2724

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە ئامانجی بەرهەمهێنەرانی جگەرە بۆ گیرۆدەکردنی منداڵان بە شێوەی هەتاهەتایی بە دوخانیات، هۆشداریی دا.

بە وتەی ئەم ڕێکخراوە بەرهەمهێنەرانی دوخانیات لە هەموو فێڵ و تەڵەکەکان بۆ گیرۆدەکردنی منداڵان لە تەمەنەکانی خوارەوە کەڵک وەردەگرن تاکوو هەتاهەتایە گیرۆدەی جگەرەکێشان بن.

ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە بەرهەمهێنەرانی دوخانیات بە دروستکردنی جگەرە ئێلێکترۆنیکییەکان و زیادکردنی تامگەلی شیرین و بۆنخۆش دەیانهەوێت منداڵەکان فریو بدەن و گیرۆدەی بەرهەمە دوخانیاتییەکانیان بکەن.

لەم پێوەندییەدا ڕوودیگێر کڕێش کارناسی باڵای ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە بەتایبەتی لە ئورووپا زۆر مەترسیدارە و دەبێت پێش بە داواکردنی ئەم بەرهەمانە لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە بۆ منداڵان و مێرمنداڵان، بگیردرێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ٣٧ ملیۆن مێرمنداڵ لە تەمەنەکانی ١٣ تا ١٥ ساڵ بەرهەمەکانی دوخانیات بەکار دەهێنن.

ئەم ڕێکخراوە زیادی کردووە کە لە ڕاپرسییەکدا سەبارەت بەم بابەتە لانیکەم ٢٠ لەسەدی مێرمنداڵانی ١٣ تا ١٥ ساڵ تەمەنی ئورووپا ڕایانگەیاندووە کە لە یەک مانگی ڕابردوودا جگەرەی ئێلێکترۆنیکییان بەکار هێناوە.

بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا جگەرە ئێلێکترۆنیکییەکان بە هەزاران جۆر تامگەلی جیاواز لە بازاڕەکاندا هەن کە سەرنجڕاکێشییەکی زۆریان لە نێوان منداڵان و مێرمنداڵاندا دروست کردووە.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی وێڕای هۆشداریی سەبارەت بەم دۆخە مەترسیدارە داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە تاکوو بەربەستی زیاتر سەبارەت بە بەکارهێنانی تەماکۆ و بەرهەمەکانی دوخانیات، ڕەچاو بکەن.