کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکیی ئەمریکا و سێ زلهێزی ئورووپا لەسەر چۆنییەتیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران

15:13 - 5 جۆزەردان 2724

ئەمریکا لەسەر چۆنییەتیی بەرنگاربوونەوەی ئاژانسی وزەی ناوکی لەهەمبەر بەرنامە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ سێ هاوپەیمانی ئورووپایی خۆی، هاوڕا نییە.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەمریکا نایهەوێت کە لە دانیشتنی داهاتوو شۆرای حوکامی ئاژانسی وزەی ناوکی، بڕیارنامەیەکی دیکە بە دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند بکرێت.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دەوڵەتی بایدێن بە هۆی نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا، نایهەوێت لەم کاتەدا بڕیارنامەیەکی دیکە بە دژی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنی داهاتوودا، پەسەند بکرێت.

بریتانیا و فەرانسە و ئاڵمان لەسەر ئەم بابەتە و چۆنییەتیی بەرەوڕووبوونەوەی وڵاتان لە ڕێگەی ئاژانسی وزەی ناوکییەوە لەهەمبەر بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ئەمریکا ناکۆکن.

بەرپرسانی ئەمریکا ئامانجی دەوڵەتی بایدێن لەم کارەیان، بیانوونەدان بە دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەدانی زیاتر بە بەرنامە ناوکییەکانی ڕاگەیاندووە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیاریی سەرچاوە متمانەپێکراوە ڕۆژاواییەکان کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ئورانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی لانیکەم سێ بۆمبی ئەتۆمی، پێک هێناوە.

لە هەمان کاتدا وڵاتانی زلهێزی ڕۆژاوایی ڕایانگەیاندووە کە ئەم ڕێژەیە لە پیتاندن جگە لە ئامانجی سەربازی و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، هیچ پاساوێکی دیکەی نییە.

بڕیارە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا خولێکی نوێی دانیشتنەکانی شۆرای حوکامی ئاژانسی وزەی ناوکی بەڕێوە بچێت و بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی، پاش کۆتا ڕاپۆرتەکەی ڕافائێل گرووسی بۆ جارێکی دیکە بخرێتە بەر باس.

لە دانیشتنی پێشووی ئەم شۆرایەدا بڕیاڕنامەیەک بە دژی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرا کە داوای لە تاران کردبوو سەبارەت بە دۆزینەوەی بنچینەی تەنۆلکەکانی ئورانیۆم لە سێ بنکەدا، لەگەڵ ئاژانس هاوکاری بکات.

 

هەرچەند کە ئەم بڕیارنامە لەو دانیشتنەدا پەسەند کرا بەلام کۆماری ئیسلامی هیچ وڵامێکی لەم بارەوە بە ئاژانس نەداوەتەوە و ڕێگرییشی لە کارناسانی باڵای ئاژانس کردووە کە سەردانی بنکە ناوکییەکان بکەن.

 

 

 

 

لە ئێستادا سێ وڵاتی بریتانیا و فەڕانسە و ئاڵمان ڕایانگەیاندووە کە پێشنووسی بڕیارنامەیەکی دیکەیان بە دژی کۆماری ئیسلامی بۆ دانیشتنی داهاتوو شۆرای حوکام ئامادە کردووە تاکوو گوشارەکان بۆ سەر تاران زیاتر بکرێت، بەڵام ئەمریکا لە سەر ئەم هەوڵانە لەگەڵ وڵاتانی ئاماژەپێکراو، هاوڕا نییە.