کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە

16:56 - 5 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ۳ی جۆزەردان، کاک ئەحمەد ئەحمەدی ئازەر ناسراو بە ئەحمەدی مەمێندی پێشمەرگەی پێشوو و هەروەها ئەندامی حیزبی دێموکرات لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو خوێندنی سەرەتایی لە ئاوای مەمێند و قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندیشی لە نەغەدە و سابڵاغ تەواو کردووە.

کاک ئەحمەد سەرەتاکانی ۱۳٥۹ی هەتاوی تێکەڵ بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەل دەبێ و لە ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و لە هێزی ئەفشین سازمان دەدرێت.

 ناوبراو لە بەشی سیاسی لە کۆمیتەی شارەستانی نەغەدە ئەرکدار دەکرێ و بەوپەری دڵسۆزی و دڵپاکییەوە ئەرکە حیزبییەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێ.

کاک ئەحمەد ساڵی ٦۳ بە هۆی خێزانداربوون و لەسەر ئیزنی حیزب لە ناوچەی سندووس نیشتەجێ دەبێ و وەک ئەندامی نهێنی هاوکات لەگەڵ ژیانی خۆی، درێژە بە کار و چالاکیی سیاسی دەدات و هەر بەم هۆیەشەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە  لە ساڵانی ٦۷، ۷۳ و ٧٥ دەسبەسەر دەکرێت.

ناوبراو لە دەیەی ۷۰ و ٨۰ی هەتاویدا وەک کەسایەتییەکی چالاک و سیاسی و پڕ ئەزموون، دەبێتە جێی باوەر و هیوای لاوانی شارەکانی نەغەدە، شنۆ، مەهاباد و پیرانشار و بە بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوە لەو دەڤەرانە درێژە بە پەرەپێدانی ڕێبازی پڕ سەروەریی قازی و قاسملوو دەدات و لاوانی پڕ هەست پەروەردە دەکات و ئاشنای ئەو ڕێبازەیان دەکات.

ناوبراو شاعیرێکی بەتوانا و وێژەوانێکی لێهاتوو بووە و بە دەیان هۆنراوە و نووسراوی بە ناوی خوازراو و یا نازناوی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.