کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

محەممەد ڕەسووڵۆف: خەڵکی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتە گیراون

10:44 - 6 جۆزەردان 2724

محەممەد ڕەسووڵۆف دەرهێنەر و سینەماکاری بەناوبانگ پاش بردنەوەی خەڵاتی تایبەتی لیژنەی داوەرانی "کان" لە وتارەکەیدا بە دژی کۆماری ئیسلامی قسەی کرد و باسی لە تاوانەکانی کرد.

ڕەسووڵۆف پاش وەرگرتنی خەڵاتی فێستیڤاڵی کان سەرەتا بە ئاماژەدان بەو کەسانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕێگەیان پێ نەدراوە تاکوو لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بن ڕایگەیاند کە یادی هەموو ئەو کەسانەی کە لە دروستکردنی فیلمەکەدا بەشدار بوون و بە هۆی گوشاری دەسەڵاتی زاڵمی کۆماری ئیسلامییەوە نەیانتوانیوە لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادە بن، بەرز ڕادەگرم.

ئەم دەرهێنەرە بەناوبانگە زیادی کردووە کە لەلایەکەوە لە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە گرینگە خۆشحاڵە و لەلایەکیشەوە دڵی لەلای خەڵکی ئێرانە کە هەموو ڕۆژێک بەرەبەیان بە ڕوودانی کارەساتێک لە خەو هەڵدەستن.

محەممەد ڕەسووڵۆف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئامادەبووانی "کان"ی وت: دەزانم کە دۆخی جیهان لە هەندێک ناوچە زۆر دڵهەژێنە بەڵام سەبارەت بە ئێران دەتوانم بڵێم کە خەڵکی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتە گیراون.

فیلمی "دانەی ئەنجیری مەعابد" لە دەرهێنانی محەممەد ڕەسووڵۆف کە پێشوازییەکی زۆری لەلایەن ئامادەبووانەوە لێ کرا، توانیی بە لادانی ڕکابەرە جیهانییەکانی خەڵاتی تایبەتی لیژنەی داوەرانی کان وەربگرێت.

فیلمی دانەی ئەنجیری مەعابد چیرۆکی دادوەرێکی دادگای ئینقلابی تارانە کە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئێرشادی ڕێژیمەوە، لەگەڵ کچەکانی و هاوسەرەکەیدا تووشی کێشە دەبێت.

ڕەسووڵۆف سەبارەت بە فیلمەکەی ڕایگەیاندووە کە چیرۆکی فیلمەکە لە ئەزموونی تاکەکەسیی بەرپرسێکی دادگای ئینقلابی تارانەوە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"ـییەوە وەرگیراوە.