کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٥٠ لەسەدی هێزەکانی تاقیگە لە ئێران وەک کرێکاری سادە لە کەرتی تایبەتدا دەستنیشان کراون

12:18 - 6 جۆزەردان 2724

حەبیبوڵڵا فازڵیان دێهکۆردی بەرپرسی کۆمەڵەی تاقیگەی کلینیکی، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ لەسەدی هێزەکانی تاقیگە لە ئێران وەک کرێکاری سادە بە مووچەی بنەڕەتیی وەزارەتی کارەوە ڕادەستی کەرتی تایبەت کراون.

ناوبراو بە هەواڵدەریی ''ئیلنا''ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی تاقیگەکان ڕادەستی کەرتی تایبەت کران، ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی شارەزا کەم کران و ئەوانەی ماونەتەوە، دەبێت بە کەمترین مووچە بسازێن؛ هەر لەم پێوەندییەدا لە تاران سەرووی ٨٠ لەسەدی کرێکاران ڕادەستی کەرتی تایبەت کراون.

بە وتەی ناوبراو، بۆ 'تاقیگە" گرینگ نییە لە هێزی پسپۆڕ بە مووچەی ستانداردەوە کەڵک وەرگرێت، چەند هێزی سادەی ناشارەزا دەهێنن و وڵامی شێواو ڕادەستی خەڵک دەکەن".

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەسەر ئەنجامی نەرێنیی بە تایبەتکردنی شیرکەت و کارگەکان لەسەر هێزی کار بڵاو کراونەتەوە. بەڵام ڕێبەر و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار داکۆکییان لەو سیاسەتە کردووە و جەختیان لە جێبەجێکردنی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''ئیلنا''، بەرپرسی کۆمەڵگەی تاقیگەی کلینیکی ڕایگەیاندووە، داواکارییەکانی کۆمەڵگەی تاقیگەی نزیکەی ٤٠هەزار کەسی، سەرەڕای چالاکیی زۆر لە ساڵانی ڕابردوودا، هێشتا بێ وڵام ماونەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵگەی تاقیگە سەرەڕای ئەو ماندووبوونە، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا لە سوودەکانی بێبەش بووە، و ناتوانن سوود لە خانەنشینیی پێشوەختە یان یارمەتییەکانی تری کاری قورس وەربگرن.