لە درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم دوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە چەندین شار بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی شەممە ٥ خەزەڵوەر، ژمارەیەک هاووڵاتی لەبەردەم کۆمەڵگەی کشتوکاڵ و پیشەسازیی هەفت تەپە کۆ بوونەوە.
بە ڕێکخستنی ئەم گردبوونەوەیە، نزیکەی ٢٠ لاوی کارخواز دەیانەوێت لە کۆمەڵگەی کشتوکاڵ و پیشەسازیی هەفت تەپەدا کار بدۆزنەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا بە گێڕانەوەی یەکێک لە هاووڵاتییان هاتووە، ئێمە لە نزیکەی ٢٤ ڕۆژ لەمەوبەرەوە لەبەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی کۆمپانیای هەفت تەپە کۆ دەبینەوە، بەڵام سەرەڕای بەڵێنی بەشێک لە بەرپرسان بۆ ڕاکێشانی ئێمەی لاوی بێکار، دۆخەکە نەگۆڕاوە و بێکاریی ئێمە بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، هاوکات، کۆمەڵێک شۆفێری بارهەڵگر لە بەردەم پاڵاوگەی گازی ئەراک بە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان کۆ بوونەوە.
ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژەکان لە ئێران هەروا بەردەوامە و لە نێویاندا خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و مامۆستایان و کرێکاران حەفتانە ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.