کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سومەیە ئەختەرشومار مامۆستای قوتابخانەکانی مەریوان لەسەر کار دەرکرا

12:41 - 6 جۆزەردان 2724

سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای قوتابخانەکانی مەریوان و چالاکی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان بە بڕیاری لێژنەیی پێڕاگەیشتنی سەرپێچێییە ئیدارییەکان لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان دەرکرا.

سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای خەڵکی گوندی ''ڕوار'' سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان کە ١٧ ساڵ ڕابردووی وانەوتنەوەی لە قوتابخانەکانی ئەم شارەدا هەیە لە ئیشەکەی دوور خرایەوە.

لێژنەیی پێڕاگەیشتنی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە، سزای دەرکردنی ئەم مامۆستایەی بە بێ ئامادەبوونی خۆی و پارێزەرەکەی و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراو دەر کردووە.

لە نموونەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی سومەیە ئەختەرشومار، ئاماژە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و پێوەندیدانی جلوبەرگی کوردی بە جۆری جلوبەرگی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی بابەتی ورووژێنەر لە کاناڵی پیشەیی مامۆستایان، کراوە.

سومەیە ئەختەرشومار کچی ئەیاز، تەمەن ٣٧ ساڵ، هاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسە.