کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرێبەستە کاتییەکان ژیانی کرێکارانی تێک داوە

17:13 - 6 جۆزەردان 2724

گرێبەستە کاتییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە خاوەنکاران لە ئێران بۆ پێشێلکردنی مافی کرێکاران، دەستیان ئاوەڵا بێت.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی چالاکانی کرێکاری ٩٧ لەسەدی کرێکاران لە ئێران بە گرێبەستی کاتی خەریکی کارکردنن.

خاڵی گرینگی ئەم گرێبەستانە ئەوەیە کە خاوەنکاران بە شیوازگەلێک دەستیان بۆ بێبەشکردنی کرێکاران لە مافەکانیان وەک بیمە نەکردنیان، بێبەش کردنیان لە ساڵانەکانیان و حەقدەستی کەم، ئاوەڵایە و دەتوانن مافە بنەڕەتییەکانیان پێشێل بکەن.

جگە لەمانە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ٥ ملیۆن کرێکار لە ئێراندا بوونیان هەیە کە هیچ گرێبەستێکیان لەگەڵ خاوەنکاردا واژۆ نەکردووە و هەر ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خاوەنکار بتوانێت تەنانەت حەقدەستەکانیشان نەدات.

لەم پێوەندییەدا چالاکانی بواری کرێکاری ڕایانگەیاندووە کە کێشەی سەرەکیی کرێکاران دەگەڕێتەوە بۆ ماددەی ٧ی یاسای کار لە ئێراندا.

ئەم یاسایە دەستی خاوەنکاران بۆ گرێبەستە کاتییەکان لە کارە بەردەوامەکاندا ئاوەڵا دەکات.

لە ئێراندا زۆربەی کارخانەکان، شیرکەت و تەنانەت دامەزراوە دەوڵەتییەکانی وەک شارەوانییەکان بۆ ڕووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵ بیمەکردنی کرێکاران، خزمەتگوزارییەکانیان لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ شیرکەتە پەیمانکارییەکانەوە ئەنجام ئەدەن.

بەپێی دادنامەی ١٧٩ و تێبینیی دووهەم لە ماددەی ٧ی یاسای کار، ئەم شیرکەتە پەیمانکارییانە دەتوانن کە گرێبەستی کاتی لەگەڵ کرێکاراندا ببەستن و دواتر لە مافی بیمەکردنیان بێبەرییان بکەن و حەقدەستێکی زۆر کەمتریشیان پێ بدەن.

جگە لەمانە دەرکردنی کرێکاران لەسەر کارەکانیان هەمووکات یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کرێکاران لە ئێراندا بووە.

لەم پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەوبەر شارەوانیی شاری سەقز، "موجتەمەعی گازی پارسی جنووبی" و ژمارەیەکی دیکە لە خاوەنکارە دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان بە دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کاتیی خۆیان، سەدان کرێکاریان بەئاسانی لە سەر کارەکانیان لابرد.

شایانی باسە کە لە دەیان نموونەدا دەرکردنی کرێکاران بووەتە هۆی ئەوەی کە پاش بێکاربوونیان خۆیان بکوژن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.