تێچووی زۆری چارەسەری، بەتایبەتی خزمەتگوزارییەکانی ددانپزیشکی، لەم ساڵانەی دواییدا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بژێوی خەڵک. بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، ئەو تێچووانە وایان کردووە زۆر کەس لەبری چارەسەری، ناچار بن ددانەکانیان بکێشن.
ڕەزا یەزدانی بەرپرسی شۆرای پەروەردەی ددانپزیشکی و پسپۆڕی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە لێکەوتەکانی گرانیی تێچووی ددانپزیشکی وتوویەتی کە یەکێک لەو ئاستەنگانەی کە خەڵک ناتوانن لە کاتی خۆیدا ددانیان چارەسەر بکەن، تێچووی چارەسەری ددانەکانە.
بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی، زیاتر لە ٤٠ لەسەدی خەڵک لە خزمەتگوزاریی ددانپزیشکی بێبەشن، هەروەها ئەو خزمەتگوزارییانەی وەریدەگرن لە ئاستی دەرهێنانی ددانە، هەروەها زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵک ناتوانن پارەی پزیشکی ددان بدەن.
تێچووی زۆری چارسەرکردنی ددان لە ئێران، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی بنەماڵەکان، نەبوونی پاڵپشتی بیمەی پێویست و کەرەستە و حەقدەستی زۆر گرانی چارەسەریی ددان، بە خزمەتگوزاری پزیشکی زۆر گران بۆ هاوڵاتییان دێتە ئەژمار.
پێشتر عەلی تاجرنیا، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی ددانپزیشکی ئێران ڕایگەیاندبوو کە نزیکەی ٦٠ لەسدی تێچووی خزمەتگوزاریی ددان، پێوەندیی بە تێچووی حەقدەست و کەرەستەی خاوە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
هەروەها زۆرێک لە کەرەستەی خاوی ددان بە دراوی بیانی دابین دەکرێن، هەروەها نرخی دراویش لەم بوارەدا کاریگەرە، زۆرێک لە پزیشکانی ددان بەهۆی کێشەی داهات نووسینگەکانیان دادەخەن و لە کلینیکەکاندا کاردەکەن؛ لەلایەکی دیکەوە شەپۆلی کۆچکردنی پزیشکانی ددان ڕووی داوە و تا ئێستا ٤٠٠ پزیشکی ددان لە ئێرانەوە بۆ کانادا کۆچیان کردووە.