کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زولنووری: ئەگەر ساڵێکش مەجلیس دابخرێت هیچ شتێک ڕوو نادات

11:58 - 7 جۆزەردان 2724

زولنووری یەکێکە لە به‌ربژێره‌كانی سەرۆکایەتیی خولی ١٢ی شۆڕای مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی هەڵبژێردراوی شۆرای مەجلیسی ١٢ی ڕێژیم ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ مەجلیس لە شوێنی خۆیدا نییە. بەڵام لە هەر شوێنێک باس له یاسادانان بکرێت، پەیوەندی به مەجلیسەوە هەیە و ئەو دەسەڵاته دەبێت بۆ مەجلیس بگەڕێتەوە تا مەجلیس بتوانێ دەسەڵاتی یاسادانان، بڕیاردان و کارکردنی هەبێ.

ناوبراو لە قسەکانیدا، دانی بە لاوازبوونی دەسەڵاتی یاسادانان لە کۆماری ئیسلامیدا نا و وتی: ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێک مەجلیس دابخرێت، هیچ کێشەیەک ڕوو نادات و هیچ شتێک ناگۆڕێ.

زولنووری لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، ڕەخنەی لە محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ١١ی ڕێژیم گرت و وتی ئەگەر نوێنەرێک بیەوێت لێپێچینەوە لە وەزیرێک بکات، لێژنەی سەرۆکایەتی دێت و ڕێگری لە لێپێچینەوەکە دەکات، لە ئێستادا تەنانەت پەیڕەوی ناوخۆی مەجلیسیش بە ڕێکی بەڕێوە ناچێ و پێویستە لە مەجلیسدا گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە بۆ ئەوەی مەجلیسێکی کاراتر لە جاران هەبێت.

هەروەها موجتەبا زولنووری لە قسەکانی ڕۆژی یەکشەممەیدا ئاماژەی بە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ١٢ی ڕێژیم کرد و وتی: ئەو کەسانەی كه‌ نەهاتنە سەر سندووقەکانی دەنگدان ناڕازین و گلەیییان هەیە.

 

هەڵبژاردنی مەجلیسی ١٢ی ڕێژیم بێ بایەخترین هەڵبژاردن بوو لە مێژووی ئەم مەجلیسەدا  و تەنیا ٤١٪ی ئەو کەسانەی کە مافی بەشداری کردنیان هەبوو بەشدار ببوون و بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە تاران تەنیا ٢٦٪ی خەڵک بەشدارییان کردبوو.