کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسانی پێوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ ناتوانن بەربژێری سەرۆککۆماری بن

12:39 - 7 جۆزەردان 2724

ستادی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ڕێژیم مەرجەرکانی بۆ چواردەیەمین هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی کە بە هۆی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسییەوە پێشوەختە ئەنجام ئەدرێت، ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم ستادە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەربژێران هیچ پێشینەیەکی ئەمنییەتییان، بە وتەی ئەم ستادە لە کاتی "فیتنەی ٨٨" نەبووبێت.

لەم پێوەندییەدا ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی وەک عەلی لاریجانی و محەممەد خاتەمی و هەروەها ژمارەیەک لە ڕێفۆڕمخوازەکان لەو کەسانەن کە بە جۆرێک پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندانەکان ڕاگەیاندبوو.

ساڵی ١٣٨٨ پاش شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران و سەرکەوتنی مەحموود ئەحمەدینژاد، بۆ یەکەمجار بەربڵاوترین خۆپیشاندانەکان لە ئاستی ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ڕووی دا کە لەو کاتەدا خامەنەیی بە "فیتنە" ناوی لێ نا و دواتریش لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بە پێڕەویکردن لە خامنەیی بە "فیتنەی ٨٨" ناودێر کرا.

لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوەی ستادی هەڵبژاردنەکان، ژمارەیەک لە کارناسان و چالاکانی سیاسی پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ڕێژیم بۆ بردنەسەرەوەی ڕێژی دەنگەکان و کێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان، ڕەنگە سەڵاحییەتی کەسانێک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ڕەت کرابوویەوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا قەبووڵ بکرێت.

نموونەیەکی گرینگ لەم پێوەندییەدا مەحموود ئەحمەدینژاد سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیمە کە پاش ئاڵۆزبوونی نێوانی لەگەڵ خامنەیی، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٩٦ و ١٤٠٠ سەڵاحییەتی بەربژێربوونی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەت کرابوویەوە.

شایانی باسە کە ڕێژیمی ئیسلامی بۆ بردنەسەرەوەی ڕێژەی دەنگدەران لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا پێشتر لە هەڵبژاردنی شۆرای شارەکان کەڵکی وەردەگرت تاکوو بەو سیاسەتە خەڵکانێک کە دەیانهەوێت دەنگ بە هاوشارییەکانیان لە هەڵبژاردنەکان بدەن، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریشدا بەشداری بکەن و ڕێژەی دەنگەکان بچێتە سەرەوە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە ڕێژیم ناتوانێت لەو تاکتیکە کەڵک وەربگرێت.