کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەرگس محەممەدی: بەڕێوەچوونی کۆڕیادی ڕەئیسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزڕاگرتنی لەسێدارەدان و کوشتنی خەڵکی ئێرانە

12:41 - 7 جۆزەردان 2724

نەرگس محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی و چالاکی مافی مرۆڤ لە کاردانەوە بە بەڕێوەچوونی کۆڕیادی ئیبراهیم ڕەئیسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە ئەمە بەرزڕاگرتن و دەسخۆشی لە سێدارە و کوشتنی خەڵکی ئێرانە.

محەممەدی لە هەژماری ئینستاگرامی خۆیدا سەبارەت بەم کۆڕیادە نووسی: "لە ڕاستیدا ڕۆژیادی ئیبراهیم ڕەئیسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرزڕاگرتنی سێدارەکان و کوشتنی خەڵکی ئێرانە، کاتێ کە دەوڵەتەکان جەلادی مێژوویی و پێشێلکەرێکی مافی مرۆڤ کە تا ڕۆژی مردنی خەریکی سەرکوتی خەڵک بووە پێگەیەکی کەسێکی دێموکرات و ئاشتیخوازی پێ ئەدەن، چی دیکە نابێت چاوەڕوان بین کە کەسانی دیکتاتۆر، جەلاد، سەرکوتکەر و پێشێلکەری مافی مرۆڤ لە جیهاندا سەرهەڵنەدەنەوە".

نەرگس محەممەدی بە ئاماژەدان بە ئاڵای نیوەهەڵدراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و دڵنیاکردنەوەی زاڵمان، کە لە ڕۆژی مردنیان بەو شێوازە ڕێزیان لێ دەگیرێت، ڕایگەیاندووە کە "کرانەوەی درگای نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پەناگایەک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ڕەئیسی، داخستنی درگای شکاوی مافی مرۆڤ لەم ڕێکخراوەدایە و زۆر جێگای داخە".

محەممەدی لە درێژەی پەیامەکەیدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە تەنیا و بێپەنا مانەوەی مافی مرۆڤ و ئاشتی و خەڵکی ئێران دەربڕیوە و زیادی کردووە کە بێگومان خەڵکی ئێران بە ئاگادارییەوە دەزانن کە ئیبراهیم ڕەئیسی وەک خولقێنەری خاوەران لە دەیەی ٦٠ و هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا کە سەرۆککۆمار بوو بە سەرکوت و کوشتنی خەڵک لە شەقامەکاندا لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا، پێگەی تاوانکاری مێژوویی لەم ئاو و خاکەدا هەیە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە نەبوونی جەلادان و دیکتاتۆرەکان و پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ، هەبوونی ئازادی و سەرکەوتنی خەڵکە.