کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی کۆچی کرێکارانی پیشەسازیی نەوت لە ئێران نیگەرانیی پێک هێناوە

12:44 - 7 جۆزەردان 2724

ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەی ژووری بازرگانیی ئێران لەبارەی پەرەسەندنی ڕەوتی کۆچی کرێکارانی پیشەسازیی نەوت و زیانەکانی قەرەبوونەکراوی ئەم دیاردەیە بۆ ئێران هۆشداری دا.

ئارەش نەجەفی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان وتوویەتی: ''کرێکارێکی تکنیکی و کارامە لە وڵاتدا لانیکەم تا تەمەنی ٢٥ ساڵی دەخوێنێت و پێنج بۆ ١٠ ساڵ لەو بوارەدا کاری تکنیکی دەکات و ئەزموون لە کاردا بەدەست دەهێنێت بۆ ئەوەی کرێکارێکی لێهاتوو بێت؛ واتە لە بەرامبەر هاڵاتنی مێشک و هێزی مرۆیی لێهاتوو، ٣٥ ساڵ تەمەن لەدەست دەدەین.''

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بۆ جێگرەوەی کرێکارانی لێهاتوو لە پیشەسازی نەوتدا ١٥ ساڵ دەخایەنێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و چڕبوونەوەی ڕێوشوێنە سەرکوتکەرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە خەڵکی ئێران کۆچ بکەن.

نەجەفی وتی: ئەگەر ڕێوشوێنی جیددی بۆ کەمکردنەوەی ڕەوتی کۆچکردنی هێزی کاری پیشەسازی نەوت نەگیرێتەبەر، ئێران لە بواری سەرچاوە مرۆییەکان ڕووبەڕووی کێشەیەکی جیددی دەبێتەوە.

ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی وزە لە ژووری بازرگانی باسی لەوە کرد: ''بەداخەوە بە سادەیی کرێکاری لێهاتوو و پسپۆڕ لەدەست دەدەین. هەموو ئەزموون و تاقیکردنەوە و هەڵەکان لە نێوخۆی وڵاتەکەماندا ئەنجام دەدرێن، هەموو دەستکەوت و ئەنجامەکان لە وڵاتانی دیکەدا دەخرێنەڕوو و ئەمەش گەورەترین زیانی ئابووری وڵاتێکە''.

هۆشدارییەکان سەبارەت بە کۆچکردنی هێزی کاری لێهاتوو لە ئێران لەحاڵێکدایە، کە کرێکاران و پێرسۆنێلی پیشەسازیی نەوت و پێترۆشیمیی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەیان جار سەبارەت بە بارودۆخی کارکردنیان ناڕەزایەتی دەربڕیوە و مانیان گرتووە و هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە.