کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاولکردنی دارستانەکانی ئاوایی گاگل لە شاری مەریوان

18:40 - 7 جۆزەردان 2724

دارستانەکانی دەورووبەری ئاوایی گاگل  سەر بە شاری مەریوان لەلایەن نەیارانی ژینگە و خاکی کوردستان کاول دەکرێن و لە ناو دەبردرێن.

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوانەوە بڵاو کراونەتەوە ساڵانێکە کە تاقمێک لە نەیارانی ژینگە و خاکی کوردستان دەستیان کردووە بە بڕین و لە ناوبردنی دار بەڕووەکانی دورووبەری ئاوایی گاگل و بە دەیان هێکتار لە دارەکانی ئەو دارستانەیان لە نێو بردووە و ئێستاش بەردەوامن.
ئەو دارانەی کە لەلایەن کەسانی هەلپەرستانەوە دەبڕدەێن، دەکرێن بە خەڵووز و بە بارهەڵگری گەورە بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران دەنێردرێن.
لە ئێستادا دەیان ئەنبار و کۆگای خەڵووز لە ناو شاری مەریوان هەیە کە بە بڕین و سووتاندنی دارەکانی دەورووبەری ئەو شارە پڕ دەکرێن و بازرگانیان پێ دەکرێت.
شایانی باسە کە تەنیا دارەکانی ئاوایی گاگل نین کە لە ئیستادا لە ناو دەبردرێن بەڵکوو بڕین و کاولکردنی دارستانەکانی کوردستان بەتایبەت لە شاری مەریوان ماوەیەکی  زۆرە پەرەی سەندووە .
دارستانەکانی زاگرۆس کە سەرمایەی گشتیی خەڵکی کوردستانن ساڵانێکی دوور و درێژە کە کەوتوونەتە بەر چەپۆکی ڕەشی کەسانی دژەژینگە و لەلایەکی ترەوە ڕێژیمی ئێران هەموو ساڵێک بە بەرنامە و پیلان دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێنێ و هەوڵ بۆ لەناوبردنی سەرمایەی گشتیی کوردستان دەدات.