کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی، ئێران و ڕووسیە و چینی بە هۆکاری هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەر بۆ سەر ئیسرائیل زانی

11:07 - 8 جۆزەردان 2724

نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە  ٧ی جۆزەردان، لە سەفەرێکیدا بۆ ئیسرائیل، هەر سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیە و چینی بە هۆکاری هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی  گرووپی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل زانی .

هێلی کە ئەو ڕۆژە سەردانی ئەو وێرانانەی کرد کە بەهۆی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەجێیان هێشتووە، هۆشداری دا لەوەی کە ئەمریکا نابێت زۆر متمانەی بەخۆی هەبێت چونکە هێرشێکی لەو شێوەیە دەکرێت لەسەر خاکی ئەمریکا ڕوو بدات.

ئەو سیاسەتمەدارە ئەمریکاییە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو، وتی کە ڕێکخستنی هێرشی ١٥ی ڕەزبەر بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە لەگەڵ ئێران بووە، ڕووسیە هەواڵی پێداوە و پارەکەشی لە چینەوە دابین کراوە.

ناوبراو ڕایگەیاند: "چین بە درێژایی ئەم ماوەیە پاڵپشتی ماڵیی بۆ ئێران کردووە.

یارمەتی هەواڵگری ڕووسیە وای لێکردن لەوە تێبگەن کە لە ئیسرائیل چی ڕوودەدات. ئێران لە بواری ڕاهێنانەوە یارمەتیان دا. کەواتە ئەمە تەنیا کاری حەماس نەبووە.''

نیکی هێلی وتی: ''ئەمانە هەموویان بکوژن و لەگەڵ یەکتردا لە پەیوەندیدان. ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێت ئەم ڕووداوە دووبارە نەبێتەوە، دەبێت لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین و بزانین کێ بەرپرسیار بووە".

هەرچەندە ڕێژیمی ئێران بە لایەنگری حەماس دادەنرێت، بەڵام تۆمەتی تێوەگلانی لە هێرشەکانی ١٥ی ڕەزبەر ڕەت کردووەتەوە. لەو بارەوە ''تایم ئیسرائیل'' نووسیویەتی هیچ بەڵگەیەک نییە کە چین و ڕووسیە لە کاتی ئەو هێرشانەدا هاودەستی حەماس بن. بەڵام لە سەرەتای شەڕی غەززەوە، ڕووسیە ڕەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرتووە و میوانداری بەرپرسانی حەماسی کردووە.