کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەردەوامیی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران دەربڕی

11:32 - 8 جۆزەردان 2724

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە ڕاپۆرتی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزه‌ردان لە هەندێک میدیادا بڵاو کرایەوە، وتی کە واشنگتۆن سەبارەت بە بەردەوامیی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەیەکی زۆر لە ئێراندا نیگەرانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتی سەبارەت بە وردەکارییەکانی ڕاپۆرتەکانی ئاژانس کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، ئێمە هیچ لێدوانێک نادەین، بەڵام ئێمە هێشتا لە پەرەسەندنی بەردەوامی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی نیگەرانین چونکە ئەو بەرنامەیەی ئێران هیچ خزمەتێک بە ئامانجێکی مەدەنیی باوەڕپێکراو ناکات.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە واشنگتۆن دەزانێت هاوکاریی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕادەبەدەر لاوازە، بەڵام ئێمە لە پاڵپشتیی تەواوەتیی هەوڵەکانی دەزگای چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری گشتیی ئەو ڕێکخراوە بەردەوامین.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان سێ میدیای نێودەوڵەتی بڵاویان کردەوە کە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی ئێران ئۆرانیۆمی پیتێنراوی پاشکەوتکراوی هەیە کە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئۆرانیۆم پیتێنراوی ٦٠٪ی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیادبوونی ٢٠ کیلۆ و ٦٠٠ گرم دوای بڵاوبوونەوەی دوایین ڕاپۆرتی سێ مانگی ئاژانسەکە زیادی کردووە و لە ئێستادا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٤٢ کیلۆگرم و ئێران تاکە وڵاتی غەیری ئەتۆمییە لە جیهاندا کە ئۆرانیۆم ٦٠٪ پیتێنراو بەرهەم دەهێنێت و بەپێی پێوەرەکان ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ئۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ بەرهەمهێنانی سێ بۆمبی ئەتۆمی هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە ڕاپۆرتی میدیایی ئامریکا کرد کە واشنگتۆن گوشار دەخاتە سەر هەردوو وڵاتی بریتانیا و فەرانسە بۆ ئەوەی کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی دەستەی کارگێڕیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارنامەیەک لە بارەی هاوکارینەکردنی تاران بڵاو بکەنەوە.