کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی خراپ و نالەباری بژیوی خەڵکی ئێران بەپێی داتا جیهانییەکان

11:57 - 8 جۆزەردان 2724

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی توێژینەوەی لێگاتۆم و گاڵوپ، ئێران لە پلەی ١٢٦ی پێوانەی خۆشبژیوی لە نێوان ١٦٧ وڵاتی جیهاندایە و خەڵکەکەی لە نێوان ١٠ وڵاتن کە ڕۆژانە لەگەڵ زیاترین هەستە نەرێنییەکان بەرەوڕوو دەبنەوە.

مەسعوود فەراستەخا ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان لە وتووێژێکدا بە پشتبەستن بە داتاکانی دوو ڕێکخراوی لێگاتۆم و گاڵوپ باسی لە دۆخی خراپی خۆشبژیوی و دڵخۆشیی خەڵکی ئێرانی کردووە.

ئەم کۆمەڵناسە بە ئاماژەدان بە پلەی ١٢٦ی ئێران لە پێوانەی خۆشبژیویی لێگاتۆم لە نێوان ١٦٧ وڵاتانی جیهاندا ڕایگەیاندووە کە ئەم پلەبەندییە بەپێی توێژینەوە لە پێوانەکانی وەک ئەمنییەت و ئاسایش، ژینگە، پەروەردە، تەندروستی، دۆخی ژیان، چۆنییەتی ئابووری و دەستمایە کۆمەڵایەتییەکان، ئەنجام دراوە.

فەراسەتخا ڕوونی کردووەتەوە کە مەبەست لە دەستمایە کۆمەڵایەتییەکان لەم پێوانەدا متمانەی خەڵک بە یەکتر و هەروەها متمانەیان بە دامودەزگاکان و سیاسەتەکانی دەسەڵات و دراوی وڵاتەکەیە و هۆشداریی داوە کە دۆخی متمانەکردن لە ئێران زۆر خراپە.

ئەم کۆمەڵناسە لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەی لەگەڵ ماڵپەڕی "خەبەر ئانلاین" باسی لە بەرزبوونەوەی مەترسیداری هاوکۆلکەی جینی یان پێوانەی جینی کردووە کە ٤٠لەسەدی تێپەڕاندووە.

هاوکۆلکەی جینی پێوانەیەکی ئابوورییە کە چۆنییەتی و ڕێژەی بڵاوبوونەوەی داهاتەکان لە کۆمەڵگا و لە نێوان چین و توێژەکاندا و جیاوازیی چینایەتی نیشان ئەدات.

جێی ئاماژەیە کە ئەم پێوانە لە وڵاتێکی وەک عێراق ٣٠ لەسەدە.

فەراسەتخا ئاماژەیەکی بە ڕاپۆرتی جیهانیی هەستیاری کردووە کە هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوی گاڵوپەوە بڵاو دەکرێتەوە و ڕایگەیاندووە کە بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە خەڵکی ئێران لە نێوان ١٠ وڵاتێکن کە ڕۆژانە بەرەوڕووی زیاترین هەستە نەرێنییەکان دەبنەوە.

ناوبراو لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە ڕاپۆرتەکانی ژیانی ڕۆژانە دەریدەخەن کە خەڵک لە سەر بچووکترین شتەکان تێک دەچن و لەگەڵ یەکتر شەڕ دەکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوە و پرسیارنامەکان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی زۆربوونی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی کۆمەڵگا، خراپی دۆخی ئابووریی خەڵک بووە.

لەم پێوەندییەدا پێشتر لە نووسراوەیەکدا بە ناوی "پێوەندیی پێوانەکانی ئابووری لەگەڵ شەڕە بەکۆمەڵەکان" لە وەرزنامەی زانستیی "لادانەکان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان" هاتبوو کە: "شێواویی ئابووری بە هۆی زۆربوونی بێکاری، هەڵاوسان و جیاوازیی چینایەتی و هەروەها کەمبوونەوەی تاقەتی خەڵک، هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک توندوتیژانەتر و ڕادیکاڵیتر بووەتەوە".