کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری چەند وڵاتی ئورووپایی بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

12:27 - 8 جۆزەردان 2724

چەند وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دادگای دوسلدۆرفی ئاڵمان سەبارەت بە دۆسییەی ئاگرکەوتنەوە لە کەنیسەی جوولەکەکان لە شاری بۆخوم، بەنیازن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخەنە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.

هەواڵدەریی دەوڵەتی ئاڵمان، ''DPA''، ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان، بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە برووکسێل بە دەستی هێناوە، ڕایگەیاندووە کە خزمەتگوزاری یاسایی شۆرای ئورووپا پشتڕاستی کردەوە کە بڕیارەکەی دادگای دوسلدۆرف لە دێسامبری ڕابردوودا دەتوانێت بۆ زیادکردنی ناوی سپای پاسداران بۆ لیستی تێرۆری ئەم بلۆکە ئورووپاییە بەس بێت.

ئەم حوکمە دوای هێرشکردنە سەر کەنیسەیەک لە شاری بۆخوم دەرچووە و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەکی ئەڵمانی – ئێرانی بە ٢ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی سزا درا. دادگای دوسلدۆرف ڕایگەیاند کە ئەو بۆ ئەم کارە لەلایەن کەسێکەوە لە ئێران بە ناوی "ڕامین یەکتاپەرەست" ڕاسپێردراوە.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمنییەتی ئاڵمان، ڕامین یەکتاپەرەست سەرۆکی باندێکی تاوانکار بووە و لەگەڵ سپای پاسداران هاوکاریی کردووە.

لە حاڵێدا دیپڵۆماتکارانی یەکیەتیی ئورووپا لە دانانی ناوی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە گومانیان هەیە، نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا لە ١٩ی ژانویەی ٢٠٢٣ دەنگیان بەوە دا کە  ناوی سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

دانانی ناوی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوادا، یەکێک لە داواکارییەکانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی بە تایبەت دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بووە.