کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٥٠ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیانیان لەدەست دەدەن

12:28 - 8 جۆزەردان 2724

جەعفەر جەندەقی، سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە ٥٠ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی جگەرەکێشانەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

جەندەقی جەخت لە قەدەغەکردنی یاسایی تەبلیغی جگەرەکێشان لە فیلمەکاندا کرد و وتی پیشاندان و تەبلیغی جگەرەکێشان لە میدیا و بەرهەمی هونەریدا کارێکی باش نییە و زیانێکی زۆر بە گەشەپێدان و ئابووریی وڵات دەگەیەنێت بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس پێیان وایە پیشەسازی تووتن هەلی کار درووست دەکات، بەڵام زیانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی زۆر زیاترە لە سوودەکانی بۆ کۆمەڵگا.

مستەفا کەربەلایی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەران، هاوردەکاران و هەناردەکارانی بەرهەمی تووتن لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢دا ڕایگەیاند کە نزیکەی ٩٠ میلیارد جگەرە لە ساڵێکدا لە ئێراندا کێشراوە، کە ئەو ڕيژەیە ٢٠ میلیارد لە ئاماری سەرەتایی وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی زیاترە.

پێشتریش لە ٣٠ی بانه‌مه‌ڕدا  محەمەدڕەزا مەسجدی، سه‌رۆكی  گشتیی کۆمەڵەی دژە جگه‌ره‌كێشان، زیادبوونی ١٣٥٪ی جگەرەکێشانی کچانی تەمەن ١٣ بۆ ١٥ ساڵی ڕاگەیاند و وتی بەکارهێنانی جگه‌ره‌ لە وڵاتدا گەیشتووەتە تەمەنی ٩ بۆ١٠ساڵان ، و ڕەوتەکە مەترسیدارترە و زۆربەیان کچانی هەرزەکارن کە لە ئێراندا بوونه‌ته‌ ئامانجی ئه‌و دیارده‌یه‌.