کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات بۆ هاکپار بە بۆنەی بەڕێوەچوونی ١٠ـەمین کۆنگرەی ئەم حیزبە

12:35 - 8 جۆزەردان 2724

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز پارتی ماف و ئازادی {HAK-PAR}

لەگەڵ سڵاو و ڕێزی دۆستانە

بەخۆشحاڵیەوە بانگهێشتنامەی بەڕێزتان بۆ بەشداریی حیزبی دێموکرات لە دەیەمین کۆنگرەتان بەدەستمان گەیشت.

بەناوی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە جوانترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین و هیوادارین دەیەمین کۆنگرەی حیزبەکەتان لە بەئەنجامگەیاندنی  ئەرکەکانیدا سەرکەوتووبێت.

دۆستانی بەڕێز

جووڵانەوەی مافخوازی گەلی کورد بە هەلومەرجێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و ململانێی هێزە سیاسییەکان و وڵاتانی شوێندانەر لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکەدا گەیشتووەتە  ئاستێک، سەرکردایەتی سیاسی کورد بەگشتی و تێکۆشەرانی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان پێویستە به خوێندنەوەیەکی ئەمڕۆییانە و واقیعبینانە شرۆڤەی بکەن و لەبەر ڕۆشنایی ئەم لێکدانەوەیەدا سیاسەتەکانیان ڕێک بخەن.

لە کەسمان شاراوە نییە نەیارانی گەلی کورد لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا لەسەر لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و هێرش و پەلامار بۆ سەر کوردستان و قوربانیکردنی خەڵکی کوردستان هاودەنگ و کۆکن. ئەم سیاسەتە دووژمنکارانەیەی نەیارانمان ئەرکی قورستر دەخاتە سەر شانی تێکۆشەرانی کورد کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانەوە بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێوەندییەکی دۆستانەی لە گەڵ ئێوەی بەڕێز هەیە بە  هیواوە دەڕوانێتە کۆنگرەکەتان و جارێکی دیکە پیرۆزبایتان لێ دەکا و هەر لەم پەیامەشدا پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی نوێی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دەیەمتان دەکا و ئارەزووی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازێ.

 دووبارە پیرۆزبێت دەیەمین کۆنگرەی حیزبە تێکۆشەرەکەتان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی پێوەندییە گشتییەکان

٢٠ی مەی ٢٠٢٤