کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سارا حوسێن: مردنی ڕەئیسی نابێت ببێتە هۆی لەبیرکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران

17:07 - 8 جۆزەردان 2724

بەرپرسی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕایگەیاندووە کە مردنی ڕەئیسی نابێت ببێتە هۆی لەبیرکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و کاریگەریی لە سەر ئەم پرسە هەبێت.

سارا حوسێن ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان لە نامەیەکدا بە ئاماژەدان بە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەتایبەتی دۆخی ژنان و منداڵان لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا نووسی: "کۆمیتەی ڕاستییەکان کە لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتی خەڵکی ئێران پێک هاتووە، لە کۆتاڕاپۆرتی خۆیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە حکوومەتی ئێران پێشێلکەری مافی مرۆڤە و هەندێک لە هەوڵەکانی، وەک تاوان بە دژی مرۆڤایەتی بە ئەژمار دێت".

بەرپرسی ئەم کۆمیتە لە درێژەی نامەکەیدا وێڕای هۆشداریی سەبارەت بە کاریگەربوونی مردنی ڕەئیسی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هەروەها پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سیاسەتی سەرکوتکارانەی ڕێژیم لەهەمبەر ژنان و کچان دەربڕیوە و خوازیاری کۆتاییهێنانی ڕێژیم بەو هەڵسوکەوتانەی بووە.

سارا حوسێن لە پێوەندیی لەگەڵ گەڵاڵەی ناسراو بە "عفاف و حیجاب" و گەڵاڵەی سنووردارترکردنی ئینتێرنێت و فەزای مەجازی لە ئێراندا داوای لە ڕێژیمی ئیسلامی کردووە کە پێش لە جێبەجێکردنی گەڵاڵەکە بگرێت و لەوە زیاتر مافی ژیان و هاوسانی ژنان، پێشێل نەکات.