شەوی پێنجشەممە، ١٣ی بانەمەڕ، حاجی سلێمان حوسێن پوور، باوکی شەهیدێکی کوردستان بە هۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کوڕێکی حاجی سلێمان بە ناوی حوسێن حوسێن پوور، ناسراو بە حوسێن ڕەبەتی
لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا شەهید بووە.
حاجی سلێمان پیاوێكی نیشتمانپەروەر، گەلدۆست و خۆشەویستی خەڵک بوو؛ حیزبی دێموكراتی زۆر خۆشدەویست و شانازیی بەوە دەكرد كە حوسێنی كوڕی پێشمەرگەی دێموكرات بووە.
شەهید حوسێن لە هێزی موعینیی سەردەشت پێشمەرگە بوو؛ ناوبراو كوڕێكی ئازا و ڕووخۆش و بە پڕەنسیب بوو کە بەداخەوە لە تەمەنی لاویدا، لە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٦٢، لە نزیک گوندی بێشاسپی ناوچەی سەردەشت، لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی تر كەوتە نێو كەمینی جاش و پاسدارەكانی خومەینیی جەلاد و شەهید بوو.
تەرمی شەهید حوسێن لەلایەن هاوسەنگەرانیەوە بردرایە گوندی گڵكەند و لەوێ بە خاكی نیشتمان ئەسپێردرا.
حاجی سلێمان دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی لە كوێستانەكانی ڕەبەت و دەوروبەری، لە مارەدوێ و سوونێ و دەشتی كۆیە سەردانی كۆمیتە شارستانی ڕەبەتی دەكرد و لە نزیكەوە لە جێگەی حوسێنی كوڕی، كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی لە باوەش دەگرتن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.