کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ هەوڵی خۆکۆژیی دا

10:54 - 9 جۆزەردان 2724

شەهرام کازمیان، بەندکراوه سیاسی و چالاکی مەدەنیی خەڵکی ورمێ دوای لێدانی لەلایەن هێزەکانی بەندیخانەی ورمێوە، هەوڵی خۆکۆژیی دا.

تۆڕی ''مافی مرۆڤی کوردستان'' بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە نووسیویەتی، شەهرام کازمیان، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان، دوای لێدانی لەلایەن هێزەکانی بەندیخانەی ورمێوە، لە حەمامی بەندی زیندانییانی سیاسی هەوڵی دا کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت، کە هاوبەندییەکانی وە فریا کەوتوون و لە مردن ڕزگارییان کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لەوە کردووە کە شەهرام کازمیان، بەدەست نەخۆشییەکی چارەسەرنەکراوەوە دەناڵێنێت و مانگێک پێش ئێستا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کراوەتەوە.

شەهرام کازمیان ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ئەم شارە دەسبەسەر و پاش ٢٧ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

ناوبراو بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژ بە نیزام" و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم" لەلایەن حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٩دا دوای دەرکردنی سزای زیندانی بە بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەن و بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە پاش چەند مانگێک لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە بۆ ٣ ساڵ کەم کرایەوە.

شەهرام کازمیان لە خەرمانانی ١٤٠٠دا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند نەخۆشییەکی دیکە بووە و دواتر بەشێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا، بەڵام مانگێک لەمەوبەر دیسان دەسبەسەر و بۆ درێژەدان بە تێپەڕاندنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرایەوە.