لە درێژەی تەریککەوتنەوە و گۆشەگیرییە دیپلۆماسییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا، حکوومەتی پێرۆ بەفەرمی بڕیاری دا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەهۆی پەرەپێدانی گرژی و شەڕفرۆشییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز بپچڕێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی پێرۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیاری پچڕانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هەڵوێستی مێژوویی وڵاتەکەیان هاتووە کە هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتیی نێودەوڵەتی کردووە.
لیما، تارانی بە هۆکاری پەرەپێدانی شەڕەنگێزی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هۆی پەکخستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز تاوانبار کردووە.
ئەم بڕیارەی وڵاتی پێرۆ لەکاتێکدایە، ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا و کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی دەریاکان دروست کردووە.
پێشتر وڵاتانی گرووپی ٢٠ (G20) داوای دەستەبەرکردنی کەشتیوانییەکی ئارام و ئازادیان لەو ناوچەیەدا کردبوو.
شایانی باسە پێشتریش چەندین وڵات لەوانەش ئەمریکا، ئیسرائیل، کانادا، عەرەبستان، مەراکش، بەحرەین، سوودان، ئاڵبانی و کوەیت چەند وڵاتی دیکەش پێوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا پچڕاندبوو.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانی جیددیی دیپلۆماسی بووەتەوە و بەهۆی هەوڵە تێرۆریستییەکانیەوە ڕۆژبەڕۆژ لە ئاستی پێوەندییەدا نێودەوڵەتییەکاندا تەریکتر دەکەوێتەوە.