کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووەمین کۆنگرەی پارتی وڵاتپارێزی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات

14:32 - 11 خەرمانان 2726

پارتی وڵاتپارێزی کوردستان، ڕۆژی ٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، دووەمین کۆنگرەی خۆی بە شێوەیەکی گشتی و ئاسایی بەڕێوە برد.

کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ژمارەیەک سیاسەتوان و ڕۆشنبیر بەڕێوە چوو.

لە بەشی یەکەمی کۆنگرەکەدا، مستەفا ئوزچەلیک سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزی کوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەوشی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕوانگەی ئەم پارتەوە، قسەی کرد.

لەم کۆنگرەیەدا سیاسەت و ستراتێژیی ئەم پارتە چ لە ڕابردوودا و چ لە دەستنیشانکردنی هێڵەکانی سیاسەتی داهاتوودا کەوتنە بەر باس و گفتوگۆیان لەسەر کرا و بڕیارنامەش لەمبارەوە پەسەند کران.

لە کۆنگرەکەدا پەیامی پیرۆزبایی لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە خوێندرانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە پەیامێکی پیرۆزبایی پشتیوانیی خۆی بۆ دووهەمین کۆنگرەی پارتی وڵاتپارێزی کوردستان (PWK) دەربڕی.

لە ئەنجامی دەنگدانی ئەندامانی کۆنگرەکەدا، مستەفا ئۆزچەلیک بە کۆدەنگی، دیسانەوە وەک سەرۆکی گشتیی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە. هەروەها ئەنجومەنی نوێی پارتەکە کە لە لاوان پێکهاتبوو دیاری کرا و کۆنگرەکە لە کەشوهەوایەکی سەرکەوتوو و ئەرێنیدا کۆتایی هات.