کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمی: هیچ زانیارییەکی نوێمان لەسەر پاشەکەوتی ئەتۆمیی ئێران بەدەستەوە نییە

12:28 - 11 خەرمانان 2726

ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبەرانبەر ڕێگەنەدانی تاران بە پشکێنەرانی نێودەوڵەتی بۆ سەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بە تایبەت بنکەی ئێسفەهان ڕاگەیاند.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمی لە بەیاننامەیەکی نوێدا ئاشکرای کرد کە پشکێنەرەکانی تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ هیچکام لە سایتە ئەتۆمییەکانی ئێران و هیچ زانیارییەکی بەڕۆژکراویان لە تارانەوە پێنگەیشتووە.

ئاژانس ڕایگەیاند کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لە زانیارییەکاندا و توانای هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لێ ئەستێنراوەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە نەبوونی دەستڕاگەیشتن بۆ چوارەمین بنکەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ڕاگەیەندراو لە ئێسفەهان مایەی نیگەرانیی جیددییە؛ چونکە ئاژانس زانیاریی نییە ئایا ئەم دامەزراوەیە کەوتووەتە گەڕ یان نا، یان ئایا کەرەستەی ئەتۆمیی تێدا کۆ کراوەتەوە.

کۆمەڵەی ئێسفەهان کە لە ڕووبەرێکی بەرفراوان و چەندین توونێل پێکدەهات، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پاشەکەوتکردنی ئۆرانیۆمی پیتێنراوەوە هەبووە.

شایانی باسە ئاژانس لە ڕاپۆرتەکانی پێشتریدا هۆشداریی دابوو کە دەستڕانەگەیشتن بە دامەزراوەکانی ئێران، بووەتە هۆی پچڕانی زنجیرەی زانیارییەکان لەسەر پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراو.