فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستیی پاسداران هەواڵی کوژراونی ٨ چەکداری لە هێزەکانی بەسیج و هێزی ئاسمانیی خۆی لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی لاوان، کرماشان و هۆرمۆزگان ڕاگەیاند.
عەبدولکەریم پوولادیفەر، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران لە شاری دیر، باسی لە کوژرانی سێ بەسیجی لە هێرشی ئێوارەی سێشەممە ١٠ی خەرمانان بۆ سەر دوورگەی لاوان و بریندارکردنی ژمارەیەکی دیکەش لە هێزەکانیان بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە کردووە.
بەپێی وتەکانی پوولادیفەر، شوناسی سێ بەسیجییە کوژراوەی مێهدی بۆحرانی، حوسێن ساڵحنژاد و حەسەن مۆئمێنی ڕاگەیاندووە.
هەروەها باس لە کوژرانی چوار هێزی هەوافەزای سپای پاسداران لە کرماشان کردووە.
پەیوەندییە گشتییەکانی ئەو هێزە تێرۆریستییە شوناسی ئەو چوار کەسەی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە؛ ڕەزا محەممەدی، شەهرام جەعفەری، عەلیڕەزا شەکیبا و جەعفەر کەریزی.
هەروەها لە هۆرمۆزگانیش چەکدارێکی دیکەی ئەو هێزە کورژاوە و شوناسی هێشتا ڕانەگەیەندراوە.
شایانی باسە ئامارە نافەرمییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئاستی هێرشەکانی ئەمریکا بەربڵاو و بەهێز بووە و پێدەچێت کوژراوانی هێزەکانی ڕێژیم زۆر لەو ڕێژەیە زیاتر بێت کە بڵاو کراونەتەوە.
ئەرتەشی ئەمریکا لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، بنکەکانی سپای تێرریستیی پاسدارانی لە ١٤ شار و ناوچە لە ٦ پارێزگای ئێران کردە ئامانج.
ئەم هێرشانەی ئەمریکا بنکەکانی سپای پاسدارانی لە پارێزگاکانی خووزستان، كرماشان و هۆرمۆزگان، کرمان، بەندەرعەباس و سیستان و بەلووچستان گرتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام، بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمە ڕادارییەکان، ئامێر و دامەزراوە دەریاییەکان، تواناکانی کێڵگەی مین و ناوەندەکانی پەیوەندیی سپای پاسداران لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.