کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی بەهای ڕیاڵ؛ دۆلار گەیشتە ۲۱۹ هەزار تمەن و سکە بووە ۲۲٤ میلیۆن

11:29 - 11 خەرمانان 2726

لەگەڵ تەشەنەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەهای دراوی ئێران داڕمانی بێێوێنەی بەخۆوە بینی و نرخی هەر دۆلارێک لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە ٢١٩ هەزار تمەن.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بازاڕی تاران، نرخی دۆلار گەیشتە ٢١٩ هەزار تمەن و حەواڵەی دۆلاریش گەیشتە ٢٢٣ هەزار تمەن.

هاوکات پۆندی بریتانیا بە ٢٩٤ هەزار، دێرهەم بە ٦٠ هەزار و سکەی ئیمامی بە ٢٢٤ میلیۆن تمەن مامەڵەیان پێوە کرا.

دۆلار لە ڕۆژی شەممەوە بەردەوام ڕێکۆردی نوێ تۆمار دەکات و جیاوازیی نرخی بازاڕی ئازاد لەگەڵ نرخی حکوومەتی گەیشتووەتە ٥٦ هەزار تمەن.

ئەم بەرزبوونەوەیە پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ١٠٠ ئامانجی سەربازی و وڵامدانەوەی سپای تێرۆریستیی پاسداران هات.

سەرەڕای ئەوەی عەبدولناسر هێمەتی، بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیم بانگەشەی بێ کێشەبوونی دراوی کرد و بەڵێنی خستنەڕووی تا دوو میلیارد دۆلاری دا، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن لە بڕی ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری حەفتەی ڕابردوو، تەنیا ٢٠ میلیۆن دۆلاری فرۆشراوە.