کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام کۆتایی بە گەڕێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هێنا

14:27 - 11 خەرمانان 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، شەپۆلێکی سەرکەوتووی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران ئەنجام داوە، کە ژمارەیەک بنکەی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و دامەزراوەی دەریایییەکانی گرتووەتەوە.

شەوی سێشەممە ١٠ی خەرمانان، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک پێگەی هەستیار و گرنگی سپای پاسدارانیان لە دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز کردە ئامانج.

بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمە ڕادارییەکان، کەلوپەل و دامەزراوە دەریاییەکان، ناوەندەکانی پەیوەندی و ئەو کەرەستە و توانایانەی بۆ چاندنی مین بەکار دەهێنران.

سێنتکام ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بۆردوومانانە وەک وڵامێک بووە بۆ هەوڵەکانی ئەم دواییەی سپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز و هەڕەشەکردن لە سەربازانی ئەمریکایی لە ناوچەکەدا.

ئەو شوێنانەی هێرشیان کرایە سەر بریتین لە: کۆنارەک، چابەهار، قێشم، بەندەرعەباس، سیریک، کرمان، عەسەلوویە، جاسک، بەندەر لەنگەی هۆرمۆزگان و چەند بنکەی دیکە .

سێنتکام لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکایی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ئەرکدان بۆ جێبەجێکردنی بەردەوامی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاوە فەرمانی پێبکرێت، لەوپەڕی وریایی، توانای کوشندەیی و ئامادەباشیدان.