کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای سەرکوتەکان ١٨ـەهەمین سێشەممەی ''نا بۆ لەسێدارەدان'' لە بەندیخانەکانی ڕێژیم بەڕێوە چوو

10:58 - 9 جۆزەردان 2724

سەرەڕای سەرکوتکردنی بەندکراوانی سیاسی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدان" ١٨ـەهەمین حەفتەی خۆی تێپەڕاند.

ڕۆژی سێشەممە ٨ جۆزەردانی ١٤٠٣، بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێڤین، قزڵحەسار، کەرەج وخوڕماوا، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەکۆمەڵی "سێشەممەی نا بۆ لە سێدارەدان" بۆ ١٨ـەهەمین حەفتە لەسەریەک مانیان لە خواردن گرت و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لەم حەفتەیەدا بەندکراوان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی سێدارە و سەرکوت و هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی لەسێدارەدراوان مانیان لە خواردن گرت. بەندکراوان لە دۆخێکدا مانیان گرتووە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین بەندکراو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.

لە کاتێکدا مەحکومییەتە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران زیادی کردووە، بەڵام "کۆماری ئیسلامی" لەپێناو پێشگرتن لە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی خەڵک، لە زیادکردنی سەرکوتەکانی لە کۆمەڵگادا بەردەوامە.

ئەم مانگرتن لە خواردنە لە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیندانییانی زیندانی قزڵحەسار دەستی پێکردووە و تا ئێستا هەموو سێشەممەیەک بەبێ پچڕان بەردەوام بووە.