کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٧٥ لەسەدی لەسێدارەدانەکانی جیهان لە ئێراندا جێبەجێ کراون

11:53 - 9 جۆزەردان 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا، باسی لە ڕێژەی بەرچاو و پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا نزیک بە ٧٥ لەسەدی سێدارەکانی جیهانی بۆ خۆی تۆمار کردووە، بە واتایەکی دیکە سێ بەش لە چواربەشی هەموو سێدارەکانی جیهان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە پاش دەسپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، ڕێژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندنی خەڵک و کۆنتڕۆڵی خۆی بۆ سەر دەسەڵات بەکار هێناوە.

بەم پێیە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا ڕێژیمی ئێران ٨٥٣ کەسی لە سێدارە داوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوویدا نزیک بە ٥٠ لەسەد زیادی کردووە.

داتاکانی ئەم ڕاپۆڕتە ڕوونی دەکەنەوە کە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا کۆی گشتیی ١١٥٣ کەس لە هەموو جیهاندا لەسێدارە دروان کە ٨٥٣ حاڵەتی لە ئێران ئەنجام دراوە.

ئەم ڕێکخراوە ئەوەشی باس کردووە کە، ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە چاو یەک دەیەی ڕابردوو، ڕێژەی ئەو وڵاتانەی کە سزای سێدارەیان تێدا ئەنجام دراوە کەمترین بووە، بەڵام ڕێژەی لەسێدارەدانەکان زیادی کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هۆکاری سەرەکیی ئەم زیادکردنە بووە.

لەم پێوەندییەدا ئاگنێس کالامار سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە هۆکاری سەرەکیی زیادکردنی ڕێژەی لەسێدارەدانەکانی جیهان بۆ ئێران دەگەڕێتەوە و بەرپرسانی ئێران نیشانیان داوە کە ژیانی مرۆڤایەتی هیچ بایەخێکیی لەلایان نییە.

شایانی باسە کە پەرەسەندنی سێدارەکانی ئێران لە کاتی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی ئەنجام بووە و نیشانی ئەدات کە سزای لەسێدارەدان سیاسەتی دەوڵەتی ڕەئیسی لەهەمبەر خەڵکی ئێران بووە.

جێگای ئاماژەیە کە سێدارەکانی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا و بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی سیستێماتیک لە سەر دوو نەتەوەی کورد و بەلووچدا ئەنجام دراوە.