کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیکەی هەزار منداڵی کار لە کرماشان ناسێندراون

11:58 - 9 جۆزەردان 2724

دیاردەی منداڵانی سەرشەقام و کار یەکێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئێرانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی گرتووە و ئەم دیاردەیە لە پارێزگای کرماشان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفراوانتر و قورستر بووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری گشتیی بێهزیستیی پارێزگای کرماشان وتوویەتی، کێشەی منداڵانی کار لەم پارێزگایە ڕووی داوە و ئێمە بینەری زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانەین لەو شارەدا.

ناوبراو باسی لەوە کردووە هیچ دامەزراوەیەکی ئەو پارێزگایە ئاماری منداڵانی کاری لەسەر بنەمای توێژینەوە، لەبەر دەستدا نییە و ئامارەکانی ئێستا تەنیا لەسەر بنەمای ئەزموون و تێبینییە ڕواڵەتییەکانن و نزیکەی هەزار منداڵ لە شەقام و نێو شاری کرماشان کار دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی بێهزیستیی پارێزگای کرماشان وێڕای ئاماژەدان بە تەمەنە جیاوازەکان و ژمارەی زۆرەی ئەو منداڵانەی کە کەڵکاوەژوویان لێ وەردەگیرێت وتی: ''بێهزیستی تەنیا ئاماری ئەو منداڵانەی هەیە کە خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکات.''

بەپێی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٢، لە ئێراندا زیاتر لە ١٢٠ هەزار منداڵی کار هەن و لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٤ هەزار منداڵی کار ناویان تۆمار کراوە.

بەپێی ماددەی ٧٩ی یاسای کاری منداڵان، کارکردنی منداڵی خوارووی تەمەنی ١٥ ساڵ قەدەغە ڕاگەیەندراوە و لە ئەگەری ئەوەیکە کەسێک بۆ کارکردن کەڵک لەو منداڵانە وەربگرێت، دەبێ بەپێی یاسا سزا بدرێت.

کۆماری ئیسلامی بەشێک لە بەڵێننامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە یاسای کاری منداڵان قەبووڵ کردووە، بەڵام هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی لەو بوارەوە ئەنجام نەداوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاماری منداڵانی کار لە ئێران بەرزتر دەبێتەوە.