کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزب لە ئەمریکا

17:35 - 9 جۆزەردان 2724

ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان، کاک فەتحوڵڵا عەبدوڵڵاهی ناسراو بە فەتحوڵڵا کاژەیی کەسایەتیی دیار و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات و خەڵکی سەردەشت، بە هۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاویدا بوێرانە لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەو سەردەمدا دەردەکەوێ، بە هۆی خۆشەویستی و شارەزایی لەسەر سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات، لەگەڵ بەشێکی دیکە لە ئەندامانی حیزب یەک دەگرنەوە و دەبنە یەکەم تیمەکانی ئاشکرای ئەو کات و دەبنە هاندەری سەرەکیی خەڵکی گوندەکانی دەوربەر و تەنانەت نێو شاری سەردەشت و ڕەبەت و میراوێ.

لەگەڵ درووست بوونی هێزەکانی پێشمەرگە، کاک فەتحوڵڵا چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان و لە هێزی شەهید موعینی دەبێتە پێشمەرگە. بە هۆی ئەوە کە هەم پێشتر کەسێکی جێگەی باوەڕ و متمانە بوو و هەمیش کەسێکی دیاری نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە بوو، لەگەڵ درووست بوونی دەستەی پارێزگاری لە سکرتاریای حیزب کاک فەتحوڵڵا ڕاستەوخۆ دەبێتە پارێزەری شەهید دوکتور قاسملوو و لە هەموو دانیشتن و چاوپێکەوتن و سەفەرەکانی شەهید دوکتور قاسملوو وێڕای چەندین هاوڕێی دیکەی چەک لە شان وەک پارێزەرێکی شەهید دوکتور قاسملوو و شاندی هاوڕێی دەبوونە قەڵغان بە دڵەوە ئەرکەکانی خۆیان بەجێ دەگەیاند.

ناوبراو پێشمەرگەیەکی وریا، ئازا، چاوکراوە و لە هەمانکاتدا پێشمەرگەیەکی شارەزا و بە دیسپلین و خۆشناوی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوو.

کاک فەتحوڵڵا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا وەک کادر و پێشمەرگەیەکی دیاری ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات خزمەتی کرد، لە چەندین شوێنی هەستیار و دیاری حیزب وەک سکرتاریا، بەشی پەیوەندەییەکانی بەغدا، بەشی ئەمنییەتی حیزب، دەستەی پارێزگاری لە ڕێبەرانی شەهید خزمەتی کرد و بە دەیان مەئموریەتی گەورە و نەهێنی و ئاشکرای لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوو و شەهید دوکتور شەرەفکەندی و ڕێبەرانی دیکەی حیزبەکەمان بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە بەڕێوە بردن.

کاک فەتحوڵڵا دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ئامریکا نیشتەجێ بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.