کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران تەکنۆلۆژیی مووشەکی بالیستیکی دژی کەشتیی سپای پاسدارانی بە حوسییەکان داوە

17:50 - 9 جۆزەردان 2724

هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕۆژی چوارشەممە ٩ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە تەکنۆلۆژیی یەکەمین مووشەکی بالیستیکی دەریایی ڕێژیمی ئێران بە ناوی "قەدر" بۆ گرووپی حوسییەکان دابین کراوە.

تەسنیم پشتڕاستی کردەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەکنۆلۆژیی مووشەکیی خۆی بۆ حوسییەکانی یەمەن دابین کردووە و هەر لەم پێوەندییەدا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، سێنتکام لەم دواییانەدا بڵاوی کردەوە، کە حوسییەکان پێنج مووشەکی بالیستیک و پێنج پەهبادیاب بەرەو دەریای سوور هەڵداوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی پێشتر چەندین جار ڕایگەیاندووە کە پشتیوانیی چەکداری لە حوسییەکان ناکات.

تەسنیم لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە و نووسیویەتی ئەمە ئەوە دەردەخات کە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستی پشتیوانی هێزە نیابەتییەکان لە پێشوو بەهێزتر بکات.

هەر لەسەر ئەو بنەمایە، لە ئێستادا جگە لەوەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتیوانیی سەرانسەری ئەو بەرەی موقاومەت دەکات، گواستنەوەی تەکنۆلۆژیایشی خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە بۆ ئەوەی کە ئەو گرووپەکانی زیاتر بەهێز بکات.