کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایکۆتی ڕێوڕەسمی ئیبراهیم ڕەئیسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکاوە

10:42 - 10 جۆزەردان 2724

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەمریکا ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێنجشەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەمەبەسەتی ڕێزگرتن لە ئیبراهیم ڕەئیسی بەڕێوە دەچێت، بایکۆت دەکات.

لەم پێوەندییەدا ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە نووسیویەتی کە: "ئێمە بە هیچ شێوازێک لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداری ناکەین".

ئەم بەرپرسە کە لەلایەن ڕۆیتێرزەوە شوناسی ئاشکرا نەکراوە زیادی کردووە کە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ خەڵکی ئێران بێت نەوەک بۆ کاربەدەستێکی سەرکوتکەر کە چەند دەیە سەرکوتی کردووە و پێشێلی مافی مرۆڤی کردووە و هەروەها هەزاران بەندکراوی لە ساڵی ٦٧ بە شێوەی نایاسایی لە سێدارە داوە، ڕێوڕەسم بەڕێوە بەرێت.

ڕۆیتێرز لە زاری ئەم بەرپرسەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆربەی حاڵەتەکانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی دژ بە ژنان و کچان لە کاتی سەردەمداریی ڕەئیسیدا ئەنجام دراوە.

لە ئێستادا دەوڵەتی بایدێن پاش ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی هاوخەمیی خۆی بۆ مردنی ڕەئیسی ڕاگەیاندبوو، باسی لە بایکۆتی ئەم ڕێوڕەسمە کردووە.

پاش دەربڕینی هاوخەمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا شەپۆلێک لە ڕەخنە و تووڕەیی لەلایەن خەڵکی ئێران و بەرپرسانی ئەمریکاوە ئاراستەی ئانتۆنی بلینکێن و دەوڵەتی ئەمریکا کرابوو.

لەم پێوەندییەدا تام کاتێن و تێد کڕووز دوو سێناتۆری کۆماریخواز کاردانەوەی توندیان سەبارەت بەم بابەتە هەبوو.

جێی باسە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک نەریتێک بۆ ڕێزگرتن لە سەرۆکانی ئەو وڵاتانەی کە لە کاتی دەسەڵاتدارییاندا گیانیان لەدەست ئەدەن، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان بەڕێوە دەبات و لە ئێستادا بەپێی ئەم نەریتە بۆ مردنی ڕەئیسیش ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ جۆزەردان، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.