کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی بەهێزی ئورووپایی لە دانیشتنی شۆرای حوکامدا بەدوای ڕێوشوێنی دژ بە تارانن

10:45 - 10 جۆزەردان 2724

بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان پێش لە دانیشتنی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان دژی تاران بڵاو کردەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری دیپلۆماتکارانی ئورووپاوە ڕایگەیاندووە، ئەم ڕەشنووسە ئێستا لەنێو ئەندامەکاندا بڵاو بووەتەوە و پێدەچێت سێ وڵاتی ئورووپایی سەرەڕای دژایەتیی ئەمریکا، بڕیاریان داوە بەدواداچوونی بۆ بکەن.

ڕۆیتێرز وتوویەتی، ئەمریکا و شەریکە ئوروپاییەکانی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ناکۆکییان هەیە؛ واشنتگۆن نیگەرانە لەوەی بڕیارنامەیەکی لەو شێوەیە مەترسیی چڕبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا کە لە داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، بە داوی خۆیدا بێنێت

بەرپرسێکی باڵای ئورووپایی بەو هەواڵدەرییەی وتووە: "ئێمە گوشار دەخەینە سەر ئەمریکاییەکان، بەڵام هێشتا پێیانوایە نابێت هیچ شتێک بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان لەگەڵ ئێران بکرێت".

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی سەبارەت بە پێشکەوتنی بەرچاوی کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی، نووسیویەتی کە دەوڵەتی جۆ بایدێن هەوڵ دەدات ئەم ڕاستییە ترسناکە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەمریکا، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بشارێتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بڕیارنامەی پێشووی شۆرای حوکامدا ناڕازی بوو و بە لابردنی بەشێک لە کامێراکانی چاودێریی ئاژانسی نێونەتەوەیی، وڵامی ئەو شۆرایەی دایەوە.

ڕێژیمی ئێران ماوەی سێ ساڵە بە بەردەوامیی لە حاڵی پیتاندنی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدییە. بەپێی بەراوردەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، لە ئەگەری پیتاندنی زیاتر، ئێران ماددەی پیتێنراوی پێویستی بۆ دروستکردنی سێ بۆمبی ناوکی هەیە.