ڕۆژی چوارشەممە ٩ی جۆزەردان ڕێکخراوی یەکیەتی دژی ئێرانی ناوکی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یادکردنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسیی مەحکووم کرد و ڕەئیسی بە "قەسابی تاران" ناو برد.
مارک واڵاس، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی یەکیەتی دژی ئێرانی ناوکی لەو ڕاگەیەندراوەدا سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو ڕێوڕەسمە و بە قەساب ناوبردنی ڕەئیسی وتی نابێت هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی سەرەخۆشی لە کەسێک بکات کە کارنامەکەی سوورە بە خوێنی خەڵکی ئێران.
ئەو ڕێکخراوەیە داوای لە ئەمریکا کرد کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی ئەو ڕێوەڕەسمە بەجێ بهێڵن.
لەو پێوەندیەدا ڕۆژی چوارشەممە ٩ی جۆزەردان ، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە، کە بڕیار وایە ئەمریکا ڕێوڕەسمی یادكردنهوه لە ئیبراهیم ڕەئیسی و کوژراوانی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بایکۆت بکات، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕایگەیاندووە خراپترین حاڵەتەکانی پێشێلکرددنی مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەت دژی ژنان و کچانی ئێرانی، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ڕەئیسیدا لە ئێراندا ڕوویان داوە. ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە نوێنەرانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک بەشداری ئەو ڕێوڕەسمەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکەن.
هەروەها شایانی باسە کە ئەمریکا بە بۆنەی کۆژرانی ڕەئیسی پەیامی سەرەخۆشی بڵاو کردەوە کە بە هۆی ئەو پەیامەوە ڕەخنەیەکی زۆر لە ئەمریکا و سەرۆکایەتییەکەی گیرا.