کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ژینا کە چاوێکی لەدەست دابوو، بەهۆی گۆشاری ڕێژیم زێدی خۆی بەجێ هێشت

11:31 - 10 جۆزەردان 2724

نێچیرڤان مەعرووفی، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەیە کە لە ساڵی ١٤٠١دا لە شاری سەقز بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران چاوێکی لەدەست دا؛ ناوبراو بە هۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی ئیتلاعات و ئەگەری دەسبەسەرکردنی، ئێرانی بەجێ هێشتووە.

نێچیرڤان مەعرووفی کە تەمەنی ٢٠ ساڵە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتی: ''ژیانم لە مەترسیدا بوو کە لەلایەن ڕێژیمەوە ئەشکەنجە بدرێم، بۆیە بڕیارم دا ئێران بەجێ بهێڵم.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە چوار ڕۆژ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی بەشداریی لە خۆپیشاندانێک لە نزیک فەرمانداریی سەقز کردبوو کە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێ کرا و سێ گوللـەی ساچمەیی لە چاوێکی درا و بەو هۆیەوە بینایی لەدەست دا.

مەعرووفی ئاماژەی بەوەش کرد، دەیان گوللـەی ساچمەیی بەر جەستەی کەوتووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر جووڵەی دەستەکانی هەبووە.

ئەم خۆپیشاندەرە، کە چەندین نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام هێشتا بینایی چاوی چاک نەبووەتەوە، باسی لەوە کردووە لە کاتێکدا کە بریندار بووە، بەهۆی خراپیی باری جەستەیی، سەرەتا نەخۆشخانەکە لە وەرگرتنی ناوبراو خۆی بواردووە.

ناوبراو وتوویەتی: ''دواتر گواسترامەوە بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تایبەت بە چاو لە تەورێز و نەشتەرگەری بۆ چاوم  کراو ئەمەش لە دۆخێکدا بوو کە هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە دوای دەسبەسەرکردنی منەوە بوون.''

نێچیروان مەعرووفی باسی لەوە کردووە کە بەردەوام لەلایەن ئیتلاعاتەوە لەژێر چاودێری و بانگکراندا بووە هەتا توانی لە ٥ی بانەمەڕی ئەمساڵدا ئێران بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە کوردستانی باشوور بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی زانکۆی بێرکلی کە لە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا بڵاو کراوەتەوە، زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر کە زۆربەیان تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ کەمترە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیمی ئیرانەوە بەشێک یان بە تەواوی چاویان لەدەست داوە.